مەرسین
لە چوارچێوەی دۆزی "پێكهاتەی دەوڵەتی هاوتەریب" كە لە ١٩ شاری توركیا ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیر كردنی سەرانی ئەو تاقمە بەڕێوەدەچێت، هەریەك لە عەلی ئیحسان كایا كاندیدی شاری مەرسینی لیستی هاوپەیمانی میللی و سەرۆكی بەشی هەواڵگری دادوەری مەرسین و ئیلیاس ئاڤجی و ئیلیاس ئشك كە پێشووتر پۆلیس بوون و سكاڵایان لەسەر تۆمار كرابوو، خۆیان رادەستی دادوەری مەرسین كرد.
كایا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەدا كە لە هەفتەی پێشووەوە لە چوارچێوەی دۆزی پێكهاتەی هاوتەریبدا بڕیاری دەستگیر كردنیان بۆ دەرچووە.
كایا ئاماژەی بەوەدا كە ئەو كاندیدی پەرلەمان بووە لەسەر لیستی سەعادەت و بەهۆی كارەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە نەیتوانیوە سەردانی دادوەر بكات و گوتی: "چاوەرێی هەڵبژاردنمان كرد و كارەكانمان رایی كرد و وەك باسم كرد هاتووم خۆم رادەست بكەم. هاتووین بزانین چی لەبارەمانەوە گوتراوە و سكاڵاكە چییە لەسەرمان، هیچ شتێكمان نییە لێی بترسین، دەچینە لای داواكاری گشتی و دەمانەوێت ئیفادەی خۆمان بدەین، روومان سپیە".
لە چوارچێوەی دۆزی پێكهاتەی هاوتەریبدا لە ١٩ شاری توركیادا ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیر كردنی سەرانی ئەو پێكهاتەیە دەستی پێكردووە و تائێستا ٢٧ گومانلێكراو كە پێنجیان دەستبەسەرن رەوانەی دادگا كراون و بڕیاری دەستگیركردنی حەوتی دیكەش دەرچووە.
لەلایەكی ترەوە تائێستا گەڕان بەدوای چوار كەسی تردا كە بڕیاری دەستگیر كردنیان بۆ دەرچووە بەردەوامە.