Fakhradin Ibrahim Mohammad, Emrah Akbulak
01 ئادار 2025•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2026
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، "لە هەوڵەکان بۆ 'تورکیای بێ تیرۆر' چووینە قۆناغێکی نوێ".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بانگەوازی ئیمراڵی ڕایگەیاند "هەوڵێک کە بە دەستپێشخەری بوێرانەی هاوبەشی ئێمە لە هاوپەیمانی جمهوور بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دراوە بۆ 'تورکیای بێ تیرۆر' و بە هەڵوێست و پێداگریی ئێمە چووە پێشەوە، لە ڕۆژی ڕابردووە، چووە قۆناغێکی نوێ و ئەوە دەرفەتێکی مێژووییە کە بۆ هەزار ساڵی داهاتوومان هەنگاوێکی مێژوویی بنێین و دیوارەکانی تیرۆر بڕوخێنین".
سەرکۆماری تورکیا لە میانی پڕۆگرامێکدا کە لە ئیستانبوڵ بە بۆنەی ٣٠هەمین ساڵی دەستبەکاربوونی کەناڵ ٧ی وڵاتەکەی ڕێکخرابوو، لەسەر کۆمەڵە پرسێکی ناوخۆیی وڵاتەکەی دوا و هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی ڕۆژەڤ کرد.
سەرکۆماری تورکیا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە تورکیا لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی تیرۆرەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر جددی بووەتەوە، گوتی، "تیرۆر نەک تەنها یەکپارچەیی دەوڵەتەکەمان و ئارامی نەتەوەکەمان کردووەتە ئامانج، بەڵکو دیموکراسی، ئابووری و سیاسەتی سڤیلیشی کردووەتە ئامانج. هەڕەشەی تیرۆر وەک قامچییەک بە مەبەستی بەرتەسککردنەوەی کار و چالاکی سیاسەتڤانان دژ بە هەرچەشنە هەوڵێکی سیاسی لە وڵاتەکەماندا بەکار هێنراوە. ئێمە لە ماوەی ٢٢ ساڵ حوکمڕانیماندا هەرگیز نەکەوتینە ئەو داوە. ئێمە هەمیشە هاوسەنگی نێوان ئاسایش و ئازادیمان پاراست. هەرگیز سێبەرمان نەخستە سەر برایەتی هەتا هەتایی ئەم گەلە و بە پێچەوانەوە، زیاتر بەهێزمان کردووە".
سەرکۆمار ئەردۆغان بەو شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا، "(بانگەوازی ئیمراڵی) هەوڵێک کە بە دەستپێشخەری بوێرانەی هاوبەشی ئێمە لە هاوپەیمانی جمهوور بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دراوە بۆ 'تورکیای بێ تیرۆر' و بە هەڵوێست و پێداگریی ئێمە چووە پێشەوە، لە ڕۆژی ڕابردووە، چووە قۆناغێکی نوێ و ئەوە دەرفەتێکی مێژووییە کە بۆ هەزار ساڵی داهاتوومان هەنگاوێکی مێژوویی بنێین و دیوارەکانی تیرۆر بڕوخێنین".
گوتیشی: "هیچ تاکێک لە ناو کورد و تورک لەو کەسە خۆش نابێت کە بیهەوێت وەک ڕابردوو بە قسەی لادەرانە و کردەوەی نابەجێ، ئەو ڕەوتە بخاتە بنبەستەوە".
سەرکۆماری تورکیا هۆشداریشی دا لە هەرچەشنە کردەوەیەکی ئیستفزازی و لەم بارەیەوە گوتی: "لەو قۆناغەدا و لە ئاستی هەرە سەروودا دژ بە هەرچەشنە هاندانێکی تێکدەرانە وریا دەبین و هەموو ڕێکارێک بۆ ئەم مەبەستە دەگرینە بەر".
جەختیشی لەوە کردەوە کە، "تورکیا تەنیا بە تێکدانی یاری خوێناوی ئیمپریالیزم ناوەستێت بەڵکو لە هەمان کاتدا بە گەشەێپێدانی ئابووری و سیاسەتەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەدا، بە خێراییەکی زیاتر بە ئامانجەکانی دەگات".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دڵنیاییشی دایە گەلەکەی و گوتی: "گەلەکەمان ئاسوودە و دڵی گەورە بێت، بە ئیزنی خوا براوەی 'تورکیای بێ تیرۆر' هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگا ٨٥ ملیۆن کەسییە بە تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی، سوننە دەبێت. بەرامبەر بە گەلەکەمان ئەرکی سەرەکیمان بونیادنانی وڵاتێکە کە تیایدا کەس هەست نەکات کە پەراوێز دەخرێت، ناوچەیەک بێت کە هەموو کەس لە باوەش بگرێت".