Fahrettin İbrahim
28 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2019
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی کۆماریی پیشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کرد.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە پایتەختی تورکیا.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەسەرەتادا لە میوانخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە لایەن وەزیری دەرەوە، مەولود چاوشئۆغڵو پێشوازیی لێکرا و دوای کۆبوونەوەی شاندەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانیان دایەوە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا مەسرور بارزانی گوتی: "پەیوەندییەکانی ئێمە و تورکیا گرنگ و مێژوویی و ستراتیژین، لە ماوەی کۆبوونەوەکەماندا قسەمان لەسەر نیگەرانییە ھاوبەشەکانمان کرد و باسی پەرەسەندنی ناوچەکەمان کرد و ھاوڕابووین لەسەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە. پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان پێویستە بەرەو پیشەوە ببەین و پەرە بە ئاستی بازرگانیش بدەین".
لەبارەی پرسیارێکی رۆژنامەوانان لەسەر بارودۆخی شنگال و ھەبوونی پەکەکە لە ناوچەکە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: "بەداخەوە کۆنتڕۆڵی شنگال لەژێر دەستی ئێمەدا نیە و لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقدایە، ئێمە گوتوومانە لەگەڵ ھەبوونی پەکەکە نین لە شنگال و ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانیش".