Salih Bilici,Ramal Abdullah Mahmood
11 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2018
ئیستانبوڵ – AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم بوو بە میوانی بەرنامەی چیای دڵ "Gönül Dağı" کە لە لایەن میدیاکاری هۆڵەندی، ویڵکۆ ڤان هێرپین پێشکەش دەکرێت و لەسەر شاشەی TRT 1 پەخش کرا. لەو بەرنامەیەدا یڵدرم لەبارەی قۆناغی منداڵی و گەنجی خۆیەوە دوا.
بەرنامەکە لە چوونە ناوەوەی پردی عوسمانگازی یۆڵۆڤاوە دەستی پێکرد. دوای ئەوەی سەرۆکوەزیران لە سەر کورسی شۆفێر لە پاسی مارسیدیسی مۆدیل 302 دانیشت، بە ئۆتۆبانەکانی کۆجائەلی-ئیستانبوڵ TEM، باکووری ماڕماڕا و بە سەر پردی یاڤوز سوڵتان سەلیمدا تێپەڕی.
لە میانی گەشتەکەدا، ویڵکۆ ڤان هێرپین لە یڵدرمی پرسی: "چەند ساڵە ئۆتۆمبێلت لێ نەخوڕیووە؟" یڵدرمیش لە وەڵامدا گوتی: "هەرچۆنێک بێت ١٥ ساڵ دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام ئۆتۆمبێل لێ ناخوڕم. لە سەردەمی وەزیری و سەرۆکوەزیرانی دەرفەتی زۆرم نەبووە بۆ ئۆتۆمبێل لێخوڕین. ئەمە بوو بە دەرفەتێکی گرنگ تاکو ئۆتۆمبێل لێبخوڕم و رابردووی بیرخستمەوە. ئەو پاسەی ئێستا لێی دەخوڕم بۆ من گرنگی زۆری هەیە و بۆ من بوو بە شتێکی چاوەڕواننەکراو. من لە ساڵی ١٩٧٨ دەستم کرد بە لێخوڕینی پاس. ئەو کاتە پاسێکی لەو جۆرەم کڕی کە مۆدێلی نوێی پاس بوو و ئەوکات زۆر بەناوبانگ بوو. کەسێک لەو پاسەی هەبووایە بە چاوێکی دیکە سەیری دەکرا".
یڵدرم بە پێشکەشکاری بەرنامەکەی گوت کە تۆش وەک من دێهاتیت و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ باوکی دەستی کردووە بە لێخوڕینی پاس و تاکو ساڵی ١٩٨٤ لەسەر ئەو کارەی بەردەوام بووە، بەم هۆیەوە گەشتی بۆ زۆربەی ناوچەکانی تورکیا کردووە.
لە وەڵامی پرسیاری ویڵکۆ ڤان هێرپین کە پرسی: "لەبەرئەوە بوو کە بوویە وەزیرێکی باشی گواستنەوە و گەیاندن. واتا ئەو هەستە لە ناختاندا هەبووە"، یڵدرم لە وەڵامدا گوتی: "ئەوکاتە شتیکی لەوجۆرەمان بە مێشکدا نەدەهات کە ببینە وەزیر و سەرکۆوەزیران. خوا چی نووسی بێت لە چارەنووسمان ئەوە دەبێت. ئەگەر شتێک نسیبی تۆ بێت رۆژێک هەر دەبێت. ئەمەش تەنها بە ویست نایەتە دی، بەڵکو بە هەوڵ و کۆشش دێتە دی ئەگەر خوا لە چارەی نووسیبی".
یڵدرم دوای ئەوەی بۆ تاقیکردنەوە هۆڕنی لێدا و بۆ گاڵتە گوتی: "هۆڕنەکەش دەنگی باشە".
لە وەڵامی پرسیاری هێرپین: "ئێوە لە گوند لە دایکبوون و هەر لەوێ گەورەبوون، بە منداڵی کەسێکی چۆن بووی؟"، لە وەڵامدا یڵدرم گوتی: "ئێمە ١٠ خوشک و براین. خوشکێکم لە خۆم گەورەترە. ساڵی ١٩٥٥ لە دایکبووم. قۆناغی سەرەتاییم لە گوندەکەمان 'گوندی رەفاهییە کایی' خوێندووە. دواتر بۆ خوێندنی قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی هاتمە ئیستانبوڵ. کە منداڵ بووم رەوشی ئێمە باش بوو یەکێک لە خێزانە گەورە و بەناوبانگەکانی گوند بووین. دەشمان خوێند و کاریشمان دەکرد. سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریش بووین. باوکم کاری جەڵەبی ئاژەڵانی دەکرد و منیش یارمەتیم دەدا. بۆ دروینەوەی کێڵگا و دابینکردنی بژێوی ژیانمان کە لە قوتابخانە تەواو دەبووین دەچووینە کار و جارجارەش نەدەچووینە قوتابخانە و دەچووم بۆ یارمەتیدانی باوکم. هاوینان کە کێڵەگەمان دەدوورینەوە فڕۆکەکان بە ئاسماندا تێدەپەڕین. زۆر تامەزرۆی ئەوە بووم کە کێن ئەوانەی لەناو فڕۆکەکاندان و بۆ کوێ دەچن. خۆزگەم دەخواست منیش لەناو ئەو فڕۆکانەدا بووام. تەنانەت بۆ ئەوەی فڕۆکەکان لەبەرچاوم ون نەبن و زیاتر بیانبینم لەسەر پشت پاڵ دەکەوتم".
دواتر هێرپین بە یڵدرم دەڵێت: "دەزانی چیم پێ خۆشە؟ ئێستا کەسانێک هەن بە ئەرێنی بیرناکەنەوە و دەڵێن خۆ قابیلە منداڵی گوند ببێتە چی؟ بەڵام منداڵی گوند دەتوانێت کار بکات و ببێتە سەرۆکوەزیران بە هەوڵدان" لە بەرامبەردا یڵدرم گوتی: "راستە. تورکیا وڵاتیکی دیموکراتی و وڵاتی سەروەری یاسایە. لە تورکیا دەرفەتی ئەوە هەیە هەر کەسێک ببێتە ئەو شتەی دەیەوێت. من خەڵکی گوندی رەفاهیە کای-ی ئەرزنجان-م و کوڕی تۆپاڵ دورسون-م، خوێندم و هەوڵم دا و تێکۆشام خوا کردیە نسیب و توانیم ئەو ئەرکانە بگرمە دەست، کۆسپێک نەبوو. لەبەرئەمە پێشنیازی من بۆ گەنجەکانمان ئەوەیە هەوڵ بدەن تێبکۆشن لە پێناو داهاتوو و گەشەکردن و گەورەبوونی ئەو وڵاتە، ئەو کات بە دڵنیاییەوە بەرپرسیاریەتی و ئەرکی گرنگیان پێ دەسپێردرێت".