Ramal Mahmood - Sarmand Hameed
22 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2016
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی جەهەپە، بە سەرۆکایەتی سەرۆکی گشتیی حزبەکە، کەمال کڵچدارئۆغڵو کۆبوونەوەی نائاسایی لەبارەگای سەرکردایەتی ئەنجام دا.
کۆبوونەوەکە یەک کاتژمێر و ٣٠ خولەکی خایاند و تیایدا رەوشی شاری عەنتاب دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی شەممە کە بەهۆیەوە ٥١ گیانیان لە دەستدا و ٩٤ی دیکەش بریندار بوون، هەڵسەنگاندنی بۆ کرا.
بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە بەهەموو جۆرێک رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە، بۆ ئەم مەبەستەیش پێویستیان بە یەکگرتووی و یەکڕیزی و هەماهەنگی پتەوی تەواوی گەل و لایەنەکان هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بەوەیشکراوە کە پێویستە هەرچی زووە جەنگی ناوخۆیی سووریا کۆتایی پێبێت و ئاشتی و ئارامی بگەڕێتەوە ناوچەکە.
لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی جەهەپەدا ئەوە خرایە روو کە ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو لەلایەن پەکەکە لەلایەک و داعش لەلایەکی دیکەوە دەکرێتە ئامانج و ئێستا لەهەموو کات زیاتر پێویستی بە جەهەپە هەیە.
کۆبوونەوەکە گرنگی سەردانیکردنی سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵوشی هەڵسەنگاند کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ ناوچەکە ئەنجامی بدات.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها دیدار و کۆبوونەوەی کڵچدارئۆغڵو لەگەڵ سەرۆکوەزیران، بینالی یڵدرم کە بڕیارە سبەی ئەنجام بدرێت، تاوتوێ کرا.