İsmail Şen,Halil İbrahim Sincar,İbrahim Toprak,Ekrem Payan,Fecri Barlık,Aydın Arik
07 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2023
ئەلعەزیز – AA
بەبۆنەی هاتنەوەی شەوی بەرات چەند چالاکییەک ئەنجام دران لە هەریەک لە پارێزگاکانی دیاربەکر، ئەلعەزیز، ماردین، باتمان، شرنەخ و سێرت.
لەو میانەیەدا تیمە پەیوەندیدارەکان چالاکییەکیان لەو خیوەتەشارە ئەنجام دا کە لە دیاربەکر بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان ئەنجام درا.
لە میانی چالاکییەکەدا، سەرەتا چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خوێندرانەوە و دواتر مەولود خوێندرایەوە و سرودی ئایینی گوترایەوە. نزای لێخۆشبوون بۆ ئەوانەیش کرا کە لە ئاکامی بوومەلەرزەکاندا گیانیان لەدەست دا.
چالاکی هاوشێوەیش لە مزگەوتی مێژوویی عیزەتپاشا لە ئەلعەزیز، مزگەوتی شاکیر نوحئۆغڵو لە ماردین، مزگەوتی ئیمامی خالید لە باتمان، مزگەوتی گەورە لە شرنەخ و مزگەوتی ئەنسار لە سێرت ئەنجام دران.
دوای خوێندنەوەی مەولود و سرودی ئایینی؛ موفتی شرنەخ، ئەحمەد دیلەک ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە لەو شەوەدا نزای زیاتر بکرێت و گوتی: "با نزا بۆ ئەو خوشک و برایانەمان بکەین کە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، یان برینداربوون. خوا هەمیشە بە یەکگرتوویی بمانهێڵێتەوە و بمانگەیەنێتە مانگی رەمەزان".