بەغدا
فەرشی تورکی لە بازاڕەکانی عێراق داوایەکی زۆری لەسەرەو بازرگانانی عێراقیش کەوتوونەتە پێشبڕکێی ھاوردەکردنی ئەو فەرشانە لە تورکیاوە. ئێستا زۆربەی ماڵەکانی عێراق فەرشی تورکیی لێ راخراوە.
گەورەبازرگانی فەرش (حاجی ئەبو حسێن ئەلروبێعی) بە (AA)ی گوت "فەرشی تورکی لە عێراقدا رکابەری نییە. چونکە بەرزیی کوالیتییەکەی و گونجاویی نرخەکەی وایکردووە ھاوڵاتیانی عێراق بەئاسانی بڕیان لەسەر کڕینی بدەن.
نرخی ھەر فەرشێکی مامناوەندی لەنێوان (١٢٠ – ١٨٠) دۆلاری ئەمریکییە".
ھەروەھا ئەلروبێعی گوتی "بازرگانانی تورکیا لاسایی فەرشە سعودییەکانیان کردەوە بە کواڵێتییەکی بەرزتر. ئێستا خەڵک زیاتر فەرشە تورکییە لاساییکراوەکە دەکڕن، نەوەک سوری و ئێرانی و سعودی. چونکە کوالیتی بەرزترەو خێراتریش بەرھەمدێنرێ. بەگشتی کوالیتی فەرشی تورکی بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەرزە".
بازرگانێکی دیکەی فەرش لە عێراق کە داھاتی ساڵانەی زیاترە لە پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، پێیوایە فەرشی تورکی لەڕووی کوالیتی و نرخەوە لەپێشەوەیە و گوتی "ھەرچەندە ئەمساڵ بازرگانانی ئێران لەبواری فەرش ھاتوونەتە ناو بازاڕی عێراق و دەیانەوێ رکابەری لەگەڵ کاڵای تورکی بکەن، بەڵام بەھۆی بەرزیی نرخ لەبەرھەمەکانیاندا سەرکەوتنێکی وەھایان بەدەستنەھێناوە. تەکنەلۆجیای بەرھەمھێنانی فەرشی تورکی لە ئاستێکی بەرزدایەو رەنگ و دیزاینەکەی نزیکە لە حەزی خەڵک. ھەروەھا بەخێرایی بەرھەمدێنرێ و دەگاتە بازاڕەکان. بەپێچەوانەوە فەرشی ئێرانی زیاتر بەکاری دەستیی رستن و چنینی بۆ دەکرێ، بۆیە کاتێکی زۆری پێویستە و نرخەکەیشی بەرزترە. کارگە تورکییەکان ھەندێ مۆدێلی تازەی ھیندی و ئێرانی بەرھەمدێنن، دوای دوو ساڵ ئەو مۆدێلانە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە لاسایی دەکرێنەوە. ئەوە وایکردووە رێژەی فرۆشی فەرشی تورکی لە عێراق بگاتە ٩٥%".
روبێعی بەمشێوەیە باسی لە داواکاریی زۆری خەڵک لەسەر فەرشی تورکی کرد "بۆ دەستەبەرکردنی فەرشی تورکی، پێویستە ساڵێک زووتر داوانامە پێشکەشی کۆمپانیا تورکییەکان بکەین و ٥٠%ی پارەکەیشی بدەین. ھەندێ جاریش لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە ساختە لە کوالێتییەکە دەکرێ و تووشی زەرەری ماڵی دەبین. بەڵام ئێستا ئەو ساختەکارییە زۆر کەم روودەدات، چونکە تارادەیەک متمانە لەنێوان بازرگانانی ئێمەو کۆمپانیاکانی تورکیا دروستبووە".
خانمەکڕیارێکی فەرشی تورکی بەناوی (ویسال ئەلعالی) گوتی "ئێستا خانمانی عێراق بەھۆی سەیرکردنی زنجیرە تورکییە دۆبلاژکراوەکانەوە لەنزیکەوە چاودێریی تەواوی بەرھەم و کاڵا تورکییەکان دەکەن. سەیردەکەین پۆشاک و رایەخ و ناوماڵەکانیشمان لە بەرھەمە تورکییەکان پێکدێن. بۆنموونە من زۆر گرنگی بە رەنگی جوان دەدەم، ئێستا ھاتووم دیزاینێکی تازەی فەرشی تورکی بکڕم".