دیاربەكر
وەزیری گەشەپێدانی توركیا جەودەت یڵماز لە میانی بەشداریكردن لە رێوەڕەسمی كردنەوە نووسینگەی هەڵبژاردنی كاندیدی ئاكپارتی هاشم هاشمیدا گوتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "سەردەمی پێش ئاك پارتی و سەردەمی دوای ئاك پارتی وەكو رەش و سپی جیاوازن. ئاك پارتی لە رۆژهەڵاتی و باشووری رۆژهەڵات هەم ئازادییەكانی زیاتر كرد هەم خزمەتی زیاتری پێشكەش كرد. پێویستە ئێمە رابردوو لە بیر ببەینەوە، ئەوەی نەزانێت لە كوێیەوە هاتووە نازانێت بەرەو كوێ دەڕوات، چەندین كاندیدی سەرپۆش لەسەرمان هەیە، سەرپۆش بەسەر و بێ سەرپۆشەكان هەموویان خۆشکی ئێمەن، لە رابردوودا زوڵم لە سەرپۆش بەسەرەكان كرا، جیاوازی كرا و رێگەیان پێ نەدرا بچنە زانكۆكان.
ئاك پارتی ئاستەنگییەكانی لەبەردەم وانە بژاردەكانی وەكو قۆرئانی كەریم، ژیاننامەی حەزرەتی محەمەد، كوردی و زازاكی لە نێو قوتابخانەكاندا هەڵوەشاندەوە و هاوكات كۆتاییشی بە ئەشكەنجە، كردارە بكەر نادیارەكان و بارودۆخی نائاسایی هێنا و بێجگە لە بەرفراوانتر كردنی بازنەی ئازادییەكان هاوكات لە ناوچەكەشدا قوتابخانە و نەخۆشخانە دروست كران و چەندین خزمەتگوزای دیكەی پێشكەش كرد.
یڵماز گوتی: "لەچوار ساڵی داهاتوودا دیاربەكر دەكەینە گۆڕەپانی پێشكەوتنێكی یەكجار گەورە. لە سێ بواری جیاجیادا كار دەكەین، یەكەم، قۆناغی چارەسەری، هەتا ئارامی و تەبایی نەبێت هیچ شتێك ناكرێت، گەشەپێدان، گۆڕانكاری و ئازادیش نابێت. ئاك پارتی دەستی بە قۆناغی چارەسەری كردووە و هەر ئاك پارتیش بە ئەنجامی دەگەیەنێت، دووەم، چەند كەس و لایەنێك هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن كە ئێمە بیروڕا و رابردووی خۆمان لە بیر بكەین، هەندێ بابەت كە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندییان بە خەڵكەوە نییە وەكو ئەوەی كە داواكاری خەڵك بن نیشان دەدرن، بۆ ئەوە لە چاوی چەند كەسێك لە رۆژئاوادا شیرین بن، ئەم خەڵكە ئەم شتانە لە بیر ناكات. سێیەمین بوار كە كاری بۆ دەكەین ئاش و ئیشە ( كار و نان)".
دواتر كاندیدی ئاك پارتی هاشم هاشمیش گوتی: "هەر دەنگێك كە لە هەڵبژاردنەكانی حوزەیرانی 2015دا دەدرێت نەک بۆ دیاربەكر و توركیا بەڵكو بۆ هەمووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە".