Sarp Özer
05 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2022
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار سەبارەت بە گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە شاری ماریوپۆڵ باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرایناوە، رایگەیاند ''کارەکانمان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا و ئۆکراینا درێژەی هەیە. چاوەڕوان و هیواداری پێشهاتی ئەرێنیین لە ماوەیەکی کورتدا''.
خولوسی ئاکار سەبارەت بە گواستنەوەی هاووڵاتيیانی مەدەنی و بریندارەکان و هاووڵاتیيانی تورکیا و وڵاتانی دیکە لە ئۆکراینا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
وەزیری بەرگریی تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دوایین پێشهات لەبارەی لێدوانەکەی پێشتری کە رایگەیاندبوو ''دەتوانین پشتیوانی کەشتی پێشکەش بکەین بۆ گواستنەوەی هاووڵاتيیانی مەدەنی و بریندارەکان و هاووڵاتیيانی تورکیا و وڵاتانی دیکە لە رێگەی دەریاوە لە ماریوپۆڵەوە'' گوتی:
''بەمەبەستی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئۆکراینا و گواستنەوەی هاووڵاتییان بەتایبەتی هاووڵاتییانی تورک لە ئۆکراینا و وڵاتانی دیکە بۆ تورکیا بە سەلامەتی، کارەکانمان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا و ئۆکراینا درێژەی هەیە. چاوەڕوان و هیواداری پێشهاتی ئەرێنیین لە ماوەیەکی کورتدا''.