İsmihan Özgüven,Lale Köklü Karagöz
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
هاتای - AA
پارێزگاری هاتای، رەحمی دۆغان سەبارەت بە تەقینەوەکەی شارۆچکەی ئیسکەندەرون کە تیایدا دوو تیرۆریستی پەکەکە لە چالاکی خران، رایگەیاند ''لەمڕۆوە لە ئامانۆسڵار رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لەناوبراوە و هیچ یەکەیەکی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە نەماوە''.
رەحمی دۆغان دوای تەقینەوەکەی شەقامی فەنەر، ناوچەکەی بەسەرکردەوە و بۆ رۆژنامەنووسان دوا.
پارێزگاری هاتای، رەحمی دۆغان باسی لەوە کرد کە ئامانۆسڵار شوێنێک بوو ساڵانێکە پەکەکە تیایدا جێگیر ببوو و گوتی: ''ناوچەیەک بوو ناو بە ناو ١٥٠-٢٠٠ تیرۆریستیی لێ بوو، بەڵام وەک دیارە لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە ٢٢ی ئابدا لەلایەن یەکە ئەمنییەکانمانەوە ئەنجامدرا سێ تیرۆریست لە چالاکی خران''.
رەحمی دۆغان ئەوەی وەبیرهەنایەوە کە دواتر لە ١٨ی تشرینی یەکەمدا چوار تیرۆریست لە چالاکی خران و گوتی: ''لە ١٩ی تشرینی یەکەمدا تیرۆریستێک دەستگیرکرا، تەرمی تیرۆریستێکی دیکەش کەوتە دەست هێزە ئەمنییەکان. ئەو تیرۆریستەی دەستگیرکرا یۆڵداش سەلیم چەلیک-ە کە کوڕی پەرلەمانتار لە بازنەی مووش سەربە هەدەپە، دەمیر چەلیک-ە و ناوی لە لیستی خۆڵەمێشی داواکراواندایە و دەستبەسەرکرا. لە ئەنجامی هەوڵی یەکەکانی هەواڵگریمان بۆمان دەرکەوت کە گرووپێکی چوار کەسی بە دوو بەش لە ٢٨ی ئەیلوول و ١٠ی تشرینی یەکەمدا لە منبج-ەوە هاتوونەتە ئامانۆسڵار. ئەنجامی ئەو بەدواداچوونەش لە ١٩ی تشرینی یەکەمدا درایە یەکە ئەمنییەکانمان و تیرۆریستێکمان لە چالاکی خست، تیرۆریستێکیشمان دەستگیرکرد. ئەمڕۆ یەکەکانی هەواڵگریمان شوێنی دوو تیرۆریستەکەی دیکەی دۆزییەوە و کاتژمێر ١١:٠٠ لەلایەن هێزەکانی ئاسمانیی سەربە هێزی ئاسمانیی سوپای تورکیاوە هێرشیان کرایە سەر''.
پارێزگاری هاتای، رەحمی دۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە دواتر ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوچەکە درێژەیان هەبوو و گوتی: ''ئەمڕۆ ئەو دوو تیرۆریستە کە هاتوونەتە خوار بۆ ئیسکەندەرون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانمانەوە ئۆپەراسیۆن کرایە سەریان و هەڵاتن. لە یەکەم قۆناغدا لە خاڵی پشکنینی پایاس رووبەڕووبوونەوەیەکی کورت روویدا دواتر هێزە ئەمنییەکان کەوتنە دوایان و یەکێک لە تیرۆریستەکان لە چالاکی خرا و لەو کاتەدا خۆی تەقاندەوە. دووەم تیرۆریستیش کەمێک پێش ئێستا لە چالاکی خرا. لەمڕۆوە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە ئامانۆسڵار لەناوبراوە و هیچ یەکەیەکی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە نەماوە''.
رەحمی دۆغان باسی لەوەیش کرد کە بەبێ هیچ زیانێکی گیانی ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامدراوە و بەئەنجام گەیشتووە، بەڵام چەند بریندارێک هەن کە تەندروستیان جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.