Abdullah Shukur
13 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2018
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لەبارەی دووبارە راگەیاندنی باری نائاسایی گوتی: "لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەمان بەرامبەر ھەر ھەڕەشەیەکی نائاسایی، ئەوا میکانیزمی باری نائاسایی دووبارە رادەگەیەنین".
کاڵن لەکاتی بەردەوامبوونی کۆبوونەوەی کابینەی نوێی حکوومەتی تورکیا بە سەرکردایەتی سەرۆکی ئەو وڵاتە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار، لێدوانی پێشکەش بە رۆژنامەنووسان کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
ئیبراھیم کاڵن گوتی: "یەکێک لە گرنگترین ئەو پرسانەی کە لە کۆبوونەوەی کابینەی نوێ جەختی لەسەر کراوەتەوە بریتییە لە درێژەدان بە کارەکان و بەردەوامی خزمەتکردن".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لەبارەی دامەزراندنی بەرپرسانی باڵا لە وەزارەتەکان گوتی: "لە چەند رۆژێکی داھاتوودا لە چوارچێوەی ئەو کارانەی کە ئەنجام دەدرێن، دامەزراندنی بەرپرسانی باڵا لە وەزارەتەکان دەستپێدەکات. بەم پێیەش وەزیرەکان کار لەسەر لیستی ناوەکان دەکەن و پێشکەشی سەرۆکمان دەکەن".
گوتیشی: "پرۆگرامێکی مەودا ناوەند بە راوێژکاریی ھاوبەش ئامادە دەکرێت و، لە چەند ھەفتەیەکی داھاتوودا پێشکەشی سەرۆکمان دەکرێت".
ئیبراھیم کاڵن لەبارەی ھاویشتنی ھەنگاوی پێویست بۆ بەھێزکردن و سەقامگیرکردنی تورکیا گوتی: "گشت ئەو ھەنگاوانە دەستنیشانکراون کە بۆ بەھێزکردن و سەقامگیری تورکیا لە چوارچێوەی ئامانجە دیاریکراوەکان پێویستن. لەمبارەیەوە بە وردی کارەکان بەردەوامن. بە تایبەتی ئامادەکردنی ھەنگاوی پێویست بۆ زیاترکردنی قەبارەی ھەناردەکرن دەستیپێکردووە".
ئیبراھیم کاڵن راشیگهیاند: "ئیتر لەمەودوا گشت ئەو ھەنگاوانەی وایکردووە لە ماوەی ١٦ ساڵی رابردوو تورکیا ببێتە خاوەنی ئابوورییەکی بەھێز، بە ھەماھەنگی لەگەڵ گشت دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بە ھەمان شێوە درێژەی دەبێت. ھاوکات پرسی رێکخستنی بوودجە و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ھەڵئاوسانی ئابووری لە نێو کارە لەپێشینەکانی ئێمە دان".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لەبارەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ گوتی: "ئەوانەی کە ناپاکییان کرد و دەستیان چووە خوێنی ٢٥١ ھاووڵاتیانمان، رێگە نادەین لە ھیچ شوێنێکی جیھان بە ئاسوودەیی بژین".
زیاتر گوتیشی: "سەردەستەی رێکخرای تیرۆریستی و ملیشیاکانی نزیک ئەو لە ئەمریکا دەژین. ئێمە لە سەکۆی جیاواز باسی ئەم پرسەمان کردووە و، ھەنگاو بە ھەنگاو ئەنجامیشی دەبینین. ناتوانم بڵێم کە بەو شێوەی ئێمە دەمانەوێت بەڕێوەدەچێت، پێمانوایە دەبێت ھەنگاوی خێراتر بھاوێژرێت".
ئیبراھیم کاڵن لەبارەی قۆناغی رادەستکردنەوەی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ گوتی: "ئێمە نامانەوێت باس لە قۆناغێک بکەین کە چەندین ساڵ و مانگ بخایەنێت. ھەروەکو پرسی منبج، بەروارەکە دیارە".
ئیبراھیم کاڵن لەبارەی کابینەی نوێی حکوومەتی تورکیا گوتی: "لەبارەی کۆبوونەوەکان ھیچ رۆژمێرێک دانەنراوە. بەپێی پێویست ھەفتانە یەک جار یاخود دوو جار دەبێت".
ئیبراھیم کاڵن راشیگەیاند کە یۆنان دەیەوێ سەربازە کودەتاچییەکان ئازاد بکات، لەمبارەیەوە گوتیشی: "دەبینین کە ھەشت سەربازی کودەتاچی لە نێو سیستەمی یاسایی یۆنان، بەرەو ئازاد کردن دەچن. ئەمە جێگەی نیگەرانییە بۆ ئێمە".
ئیبراھیم کاڵن لەبارەی دووبارە راگەیاندنی باری نائاسایی لە تورکیا گوتی: "لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەمان بەرامبەر ھەر ھەڕەشەیەکی نائاسایی، ئەوا میکانیزمی باری نائاسایی دووبارە رادەگەیەنین".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن گوتیشی: "لە پاڵ کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەت ھەفتانە یاخود ١٥ رۆژ جارێک ئەوا کۆبوونەوەی بچووکتریش بە بەشداری وەزیران ئەنجام دەدرێت".
ئیبراھیم کاڵن ھەر لەبارەی باری نائاسایی گوتیشی: "پێشبینی ئەوە دەکرێ لە ١٨ی تەمووز باری نائاسایی کۆتایی پێ بێت و بە یاسا و رێساکانی ئێستا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام بێت".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "لەبارەی رادەستکردنەوەی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستی و دادگاییکردنی لە تورکیا، ئەمریکییەکان باس لە قۆناغی یاسایی جیاواز لە ئێمە دەکەن. کەچی ھەوڵی کودەتای ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە لە تورکیا زۆر بە روون و ئاشکرایی دیارە. ئیتر چاوەڕێی ھەنگاوی بەرجەستەین لەمبارەیەوە و داواکارییەکانیشمان لەمبارەیەوە بەردەوام دەبێت".