Muhammed Nuri Erdoğan
29 کانوونی یەکەم 2025•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2025
ئەنقەرە - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا ڕایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێک دژ بە داعش لە یالۆڤا، لە ئاکامی تەقەی تیرۆریستاندا سێ پۆلیس شەهید و ٨ پۆلیس و پاسەوانێکی تایبەتیش بریندار بوون.
یەرلیکایا لە ناوەندی ئەمنی و دۆخە لەناکاوەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لەبارەی ئۆپەراسیۆنێک دژ بە داعش لە یالۆڤا ڕوونکردنەوەی دا.
یەرلیکایا ڕایگەیاند کە خەباتیان دژ بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان کە کەڵکی خراپ لە ئیمان وەردەگرن بۆ ڕەوایی دان بە توندوتیژی و بە ئامانجگرتنی ئاشتی و ڕێکخستنی گشتی گەلەکە، وەک پێشوو بەردەوام دەبێت و جەختی لەوەش کردەوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا لە یەک مانگدا ١٣٨ گومانلێکراو دەستگیر و ٩٧ گومانلێکراویش مەرجی دادوەرییان بەسەردا سەپێندراوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕاشیگەیاند، لە درێژەی ئەو پێداگرییەدا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ١٥ پارێزگادا ئەنجام درا. یەکێکیان کاتژمێر ٢ی بەرە بەیانی لە یالۆڤا بووە. لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە کۆڵانی سەحەر لە گەڕەکی عیسمەت پاشا، تیرۆریستانی داعش تەقەیان لە هێزە قارەمانەکانی پۆلیس کرد. لە ئاکامی ئەو تەقە ناپاکییەدا بە داخەوە سێ پۆلیس شەهید بوون و هەشت پۆلیس و پاسەوانێکی تایبەتیش بریندار بوون.

یەرلیکایا ڕاشیگەیاند کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەستیارییەکی زۆر گیراوەتە بەر بە هۆی ئەوەی لەو ماڵەی کە تیرۆریستانی لێ بووە، ژن و منداڵ هەبوون و پێنج ژن و شەش منداڵ بە سەلامەتی لە شوێنەکە هێندراونەتە دەرەوە و گوتیشی، "لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا تەرمی شەش تیرۆریست دەستی بەسەردا گیراوە و ئەو تیرۆریستانە هاووڵاتی تورکن و ئۆپەراسیۆنەکە لە کاتژمێر ٠٩:٤٠ خوولەک کۆتایی پێهات".
لە پەیامەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیادا هاتووە:
"ئەوانەی کە ئارامی و ئاسایشی ئێمە لەم خاکە دەکەنە ئامانج، ئەوە هێزە ئەمنییەکان لە بەرامبەر خۆیاندا دەبیننەوە کە بە بوێری حەماسە دەخوڵقێنن. شەهیدەکانمان گیانی خۆیان بۆ ئاسایش و ئارامی گەلە ئازیزەکەمان فیدا دەکەن. داوای لێخۆشبوون بۆ پۆلیسە شەهیدەکانمان دەکەم و سەرەخۆشی لە کەسوکار، هێزەکانی پۆلیس و گەلەکەمان دەکەم. ڕووحیان شاد. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ ئەو پۆلیس و پاسەوانە دەخوازم کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بریندار بوون".
