29 تشرینی یەکەم 2025•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2025
هەولێر - AA
لە ڕێوڕەسمێکدا، کە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان-عێراق بەڕێوەچوو، یادی ١٠٢ ساڵەی کۆماری تورکیا بەرز ڕاگیرا.
بە میوانداری کۆنسولی گشتی تورکیا لە هەولێر ئەرمان تۆپچو و بەشداری ژمارەیەک لە بەرپرسان، دیپلۆماتکاران، سیاسەتڤانان، خاوەنکار و هاوولاتیانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، ڕێز لە یادی ١٠٢ ساڵەی کۆماری تورکیا گیرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، فەوزی هەریری وەک نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی وەک نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، هێمن هەورامی وەک نوێنەری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەروەها وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی ئایدن مەعروف و نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بەشدار بوون.
دوای سروودی نیشتمانی تورکیا، پەیامی سەرکۆمار ئەردۆغان بۆ بەشداربووان خوێندرایەوە.

کۆنسولی گشتی تورکیا لە هەولێر ئەرمان تۆپچو، بە گەیاندنی سڵاو سەرکۆماری ئەردۆغان و هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان بۆ بەشداربووانی ڕێورەسمەکە، گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەرمان تۆپچو وێڕای ئاماژەدان بە ساڵیادی ١٥ سالەی دامەزرانی کۆنسولخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر، جەختی لە پەیوەندی پتەوی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە و هاوکات، هیواشی خواست کە هەڵبژاردنەکانی ١١ی تشرینی دووهەمی ئەمساڵ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ عێراقییەکان.
کونسولی گشتی تورکیا هەروەها گوتی، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی مستەفا کەماڵ ئاتاتورک و قارەمانەکانی هاوڕێی دەکەینەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا هەروەها نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، سەفین دزەیی گوتارێکی پێشکەشی ئامادە بووان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە پێگەی تورکیا بۆ ئەوان گرنگییەکی تایبەتی هەیە و راشیگەیاند کە پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە ئاستێکی باش دایە و خۆشحاڵی خۆشی بە بوونی کۆمپانیاکانی تورکیا و خاوەنکاران و هەروەها قوتابخانەکانی وەقفی نێودەوڵەتی مەعاریف لە هەولێر نیشان دا.