Volkan Kaşik,Muhammet Mutaf
25 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2023
مالاتیا - AA
پارێزگای مالاتیا یەکێک بوو لە ناوچە کارەستبارەکانی بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات و لەئێستاشدا لە ٢٥ کەمپی جیاوازی ئەو پارێزگایە شەش هەزار و ٨١١ کابینە بۆ لێقەوماوانی کارەساتەکە داندراون و ٢٨ هەزار و ٨٠٢ کەسیان تیادا دەژی.
دەزگا پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوونی ئەو کەسانەی لە مالاتیا بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە بێماڵ و حاڵ بوون.
ئەو کابینانەی لە کەمپە نوێکاندا دادەنرن چێشتخانە و گەرماویان تیادایە و لەڕێی گەرمکەرەوەی کارەباییشەوە دەتواندرێت ناو کابینەکە گەرم بکرێت، لەگەڵ کۆتاییهاتنی کارەکانیش لێقەوماوانی بوومەلەرزەکان لەو کابینانەدا نیشتەجێ بوون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی سهرۆكایهتی بهڕێوهبردنی كارهسات و دۆخه لهناكاوهكان له توركیا (AFAD) لە مالاتیا وەرگیراون، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکان لە ناوەندی مالاتیا و قەزاکان ٢٥ کەمپ دروستکراون و لە شەش هەزار و ٨١١ کابینەدا، ٢٨ هەزار و ٨٠٢ کەس دەژین.
- "لە هەموو بوارێکدا یارمەتیمان دەدەن"
عەبدوڵڵا سەچکین هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٤ ساڵە کە لە بوومەلەرزەکاندا ماڵەکەی زیانی بەرکەوتووە بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە دوای ماوەیەک مانەوەیان لەناو چادر چوونەتە ناو کابینە و گوتیشی: "لەئێستادا لەگەڵ خێزانەکەم لەناو ئەم کەمپەدا دەژین و لە خزمەتگوزارییەکانی ئێرە زۆر رازین. خوا لێیان رازیبێت لە هەموو بوارێکدا یارمەتیمان دەدەن".