Ali Makram Ghareeb
24 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2023
کەرکووک – AA
لە کاتێکدا کەمپینەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکانی تورکیا لەو شارانەی عێراق کە تورکمانەکان بە چڕی تێیدا دەژین بایەخێکی گرنگی پێدەدرێت، ئاماژه بهوه دهكرێت هاوکارییەکان بێ پچران بەردەوام دهبن.
سەرۆکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی سەربە بەرەی تورکمانی عێراق، ئیستیبراق یازارئۆغڵو لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم کەمپینەی دەستمان پێکردووە قهرزی دڵسزۆییەکی بچووکە بۆ تورکیا کە ساڵانێکە عێراق و تورکمانەکانی بەتەنها جێنەهێشتووە".
ئیستیبراق یازارئۆغلو ئاماژەی بەوە کرد کەمپینەکانی هاوکاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی تورکمان لە لقەکانی شارەکانی بەغدا، کەرکووک، هەولێر، مووسڵ، دیالە، سەڵاحەددین و سلێمانی بەردەوامە و رایگەیاند کەمپینەکان بووەتە جێگەی بایەخێکی زۆر.
- تا ئێستا ٢٢ بارهەڵگر هاوکاری نێردراوە
یازارئۆغڵو زانیاری لەسەر ئەو ٢٢ بارهەڵگرە هاوکارییە کە بە درێژایی کەمپینەکە کۆکراونەتەوە و بۆ تورکیا نێردراوە ئاشكرا كرد و گوتی: "بایەخدانی خەڵک بە کەمپینەکە ئێمەی زۆر دڵخۆش کرد. تا ئێستا ٢٩ هەزار و ٥٠٠ بەتانی، دوو هەزار و ٣٠٠ دۆشەک، هەزار و ٥٠٠ سەرین، پێنج هەزار جووت پێڵاو، حەوت هەزار پارچە جلوبەرگ، ٦٠٠ هیتەری کارەبایی و نزیکەی ٢٥ هەزار مەتر خامی کفنمان ناردووە".
- "تا تورکیا نەڵێت بەسە ئێمە هاوکارییەکانمان بەردەوام دەبێت"
ئاماژەی بەوەش کرد لە ماوەی رۆژانی رابردوودا جەختیان لەسەر خۆراک کردووەتەوە و رایگەیاند لە ئێستادا دوو هەزار کارتۆن خۆراکی وشک ئامادەیە و لە ماوەیەکی کورتدا بۆ ناوچەی بوومەلەرزەکەی دەنێرن.
یازارئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە کەمپینەکە بێ پچڕان بەردەوام دەبێت و گوتی: "تا تورکیا نەڵێت بەسە ئێمە هاوکارییەکانمان بەردەوام دەبێت".