ئەنقەرە
سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا ناسراو بە میت (هاکان فیدان) بەمەبەستی بوون بە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەسەر لیستی پارتەکەی پارتی داد و گەشەپێدان، دەستی لەکارەکەی کێشایەوە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا، پاش ئەوەی هاکان فیدان نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی رادەستی سەرۆکایەتی وەزیرانی وڵاتەکەی کرد، تێدا ئەوەی خستۆتەروو، کە دەستی لەکارکێشاوەتەوە تا خۆی کاندید بکات بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی تورکیا، لەلایەن سەرۆکوەزیران ئەحمەد داودئۆغڵوەوە داواکەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا قبوڵکراوە.
هاکان فیدان لە ٢٥ ی ئایاری ساڵی ٢٠١٠ وەک راوێژکاری دەزگای هەواڵگری (میت)ی تورکیا دەست بەکار بووە و بە یەکێک لەو کەسانە ناسراوە کە لە سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ەوە نزیکە و هاوکات پێگەی بەهێزی لەنێو پارتەکەی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار هەیە.
بەپێی دەزگای باڵای هەڵبژاردنی تورکیا، پێویستە ئەو کەسانەی کە لەدەزگاکانی میری کاردەکەن و مەبەستیانە ببنە کاندید بۆ هەڵبژاردنی ٧ ی حوزەیرانی پەرلەمانی تورکیا تا ١٠ ی شوبات، پێویستە دەست لەپۆستەکانیان هەڵگرن و خۆیان ناونووس بکەن.