Sarp Özer
25 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2022
هەکاری – AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار رایگەیاند، دوای شەهیدکردنی پێنج سەربازی سوپای تورکیا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ، ژمارەیەک تیرۆریست لە چالاکی خراون کە لەنێو ئەشکەوتدا گیریان خواردبوو و بەم جۆرە ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە میانی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵدا، تا ئێستا لە چالاکی خراون ١٠٠ی تێپەڕاندووە.
دوای شەهیدکردنی پێنج سەربازی سوپای تورکیا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ، دوێنێ وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار و شاندی یاوەری کە پێک هاتبوون لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا، جەنەراڵ یەشار گولەر و فەرماندەی هێزە وشکانییەکان، جەنەراڵ موسا ئاڤسەڤەر و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکان، جەنەراڵ حەسەن کوچوکئاکیوز هێڵی سەر سنووریان بەسەر کردەوە و بە درێژایی رۆژ بەردەوام بوون لە لێکۆڵینەوە.
خولوسی ئاکار و شاندی یاوەری سەرەتا چوونە ماردین و دواتر بەرەو لیوای پیادەی ٢٣ لە شرنەخ بەڕێ کەوتن، دواتر چوونە بنکەی سەربازیی ئشکڵی کە لە خاڵی سفری سەر سنوورە و دەکەوێتە نزیک ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ و شەویان لە ناوەندی تاکتیکی سوپای دووەم لە چوکورجا بەسەر برد.
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار بە درێژایی شەو لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ فەرماندەی یەکە سەربازییەکانی سەر سنوور و ئەودیووی سنوور کۆبوونەوەی ئەنجام دا و داوای لێخۆشبوونی لە خوا بۆ ئەو پێنج سەربازە کرد کە لەلایەن تیرۆریستانەوە شەهید کران و جەختی لەوەیش کردەوە کە وێڕای نالەباری کەشوهەوا، ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ بۆسەر تیرۆریستیان بەو شێوەیەی بەرنامەی بۆ داندراوە بە سەرکەوتووانە بەردەوامە.
خولوسی ئاکار لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کۆماندۆکانی تورکیا بۆسەر ئەشکەوتێک گوتی: "کۆماندۆکانمان ژمارەیەک لە تیرۆریستیانیان لەناو ئەشکەوتدا تەنگەتاو کرد، سەربازان داوایان لە تیرۆریستیان کرد خۆیان رادەست بکەن، بەڵام ئەوان بە تەقە وەڵامیان دانەوە، بەم جۆرە ئۆپەراسیۆن بۆسەر ئەشکەوتەکە دەستی پێ کرد. بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەوە ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە میانی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵدا، تا ئێستا لە چالاکی خراون ١٠٠ی تێپەڕاندووە".