واشنتۆن
وەزیری دەرەوەی توركیا مەولوود چاوشئۆغڵو گوتی: "توركیا بۆ رێگریكردن لە هاتوچۆی جیهادییە بیانییەكان هەموو رێكارێكی گرتووتە بەر بەڵام ئەمە پرسێك نییە كە توركیا بە تەنیا بتوانێت چارەسەری بكات بۆیە پێویستە لەو وڵاتانەی كە جیهادییەكان تێدان لە رووی دابەش كردن و گەیاندنی زانیارییەكاندا هاوكاری بكەن بە تایبەتی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پێویستیمان بە هەماهەنگی هەیە و هەتا ئێستا ئەو وڵاتانەی كە وەكو وڵاتی سەرچاوە جیهادییەكان دەناسرێن ئەو پرسیارە ئاراستە نەكراوە كە خاڵی لاواز لە كوێیە و لەم زنجیرەدا حەڵقەی لاواز كێن"؟
چاوشئۆغڵو لە چوارچێوەی دیدارەكانی لە واشینتۆن بەشداری لە كۆنفرانسی رۆلی توركیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاڵۆزدا كرد و گوتارێكی پێشكەش كرد.
چاوشئۆغڵو گوتی: "بەشێكی زۆری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نێو قەیران و ئاڵۆزی زۆر گەورەدایە بەڵام هەمان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژایی مێژوو لە بواری فەلسەفی، كولتووری و زانستیدا خزمەتی مرۆڤایەتی كردووە و سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆبامایش لە گوتارە مێژووییەكەی خۆی لە قاهێرەی پایتەختی میسردا باسی بەشێك لەو كاریگەرییە مێژووییانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كردووە و ئێمە لەو بڕٍوایەداین كە هێشتا توانای ئەنجامدانی كاری گەورەتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە".
چاوشئۆغڵو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "قەیرانی نێوخۆیی سووریا هەری زیادە كاریگەریی لەسەر توركیا هەبووە بە هۆی دەركەوتنی داعشەوە رەوشی سووریا ئاڵۆزتر بووە و ئەمەیش بووەتە وەكو هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی توركیا. توركیا وەكو ئەندامێكی چالاكی هاوپەیمانی جیهانی لەدژی داعش رۆڵێكی گرنگی بینیوە و سەرچاوە سەربازی و سەرچاوەكانی دیكەی خۆی خستووەتە گەڕ و ئێمە لەسەر هەبوونی مەترسییەك لە جۆگرافیای نزیكی خۆماندا هاوڕان بەڵام تەنیا هەڵوێستی دژە تیرۆر لە سووریا، نابێتە چارەسەر بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە".
چاوشئۆغڵو لە بارەی رەوشی عێراقیشەوە گوتی: "ساڵانێكە قەیرانی عێراقیش درێژەی هەیە و داعشیش دوایین و تێكەڵاوترین پەردەی ئەو قەیرانەیە، بەشێكی زۆری كۆمەڵگەی جیهانی لە بەرامبەر داگیركردنی زیاتر لە یەك لەسەر سێ عێراق لە لایەن داعشەوە تووشی سەرسۆڕمان بووە، بەڵام ماوەیەكی درێژە كە توركیا لەو بارەوە لایەنەكان ئاگادار دەكاتەوە و دوای كێشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، سیاسەتەكانی دەسەڵاتی پێشووی عێراق كە سیاسەتی پەراوێزخستن و سیاسەتی گوشار خستنە سەر پێكهاتە جیاجیاكان بوو رەوشی ئەو وڵاتەی ئاڵۆزتر كرد و گەیاندییە ئەم ئاستەی ئەمڕۆی".
چاوشئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێكدا لە بارەی دامەزراندنی ناوچەی پارێزراوی ئەمنی لە سووریا گوتی: "توركیا پێشنیاری ئەوەی كرد كە ناوچەیەكی پارێزراوی ئەمنی كە توركیایش لە رووی ئاسمانییەوە پشتگیری لێوە بكات ئاراستە كرد و توركیا زۆر بە باشی ناوچەكە دەناسێت و ئاگاداری رەوشی ناوچەكەیە و هەمیشە هاوپەیمانانیشی لە مەترسییەكانی عێراق و سووریا و مەترسییەكانی داهاتووی ئەو دوو وڵاتە ئاگادار كردووەتەوە بەڵام وڵاتانی هاوپەیمانان رەچاوی ئەو ئاگادار كردنەوانەی توركیایان نەكرد و هەنووکەش پەیشیمانی خۆیان لەوەی كە گوێیان بە توركیا نەداوە دەردەبڕن".
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا چاوشئۆغڵو گوتی: "پێویستە داعش لە سوریا لە ناو ببرێت بەڵام هاوكات پێویستە كە پرسەكە لە بنەوە چارەسەر بكرێت چونكە تا ئەو كاتەی پرسەكە لە بنەوە چارەسەر نەكرێت ئەوا چۆن لە رابردوودا قاعیدە و ئێستاش داعش دەركەوتوون، هەر بەو جۆرەیش لە داهاتوودا رێكخراوی نوێ دیكە دەردەكەون. رژیمی سووریا بۆ دەركەوتنی تیرۆریستان كەشوهەوایەكی لە باری خۆلقاندووە، پێویستە بەشار ئەسەد و رژیمەكەی نەمێنن، چونكە نە ئەسەد و نە رژیمەكەی چی دیكە ناتوانن خەڵكی سووریا یەك بخەنەوە، ئەو رژیمە خەڵكی خۆی دەكوژێت بۆیە هەتا ئەو كاتەی ئەسەد لەسەر دەسەڵات بێت ئەوا بەردەوام دەبێت لەسەر كوشتنی خەڵكی سووریا".