ئەنقەرە
وەزیری ناوخۆی تورکیا موعەمەر گولەر لە لێدوانێکدا بۆ AA گوتی: "چارەسەری پرسی کورد، پرۆژەی برایەتی ھەزار ساڵە و گواستنەوەی ئەو برایەتیەیە بۆ داھاتوو. بەھێز راگرتنی ئیرادەی پێکەوە ژیانە، رەنگە ھەندێ کەس لەو پرۆژەیە ناڕازی بن و نەیانەوێ ئەو قۆناغە بەو جۆرە بەردەوامبێ تا بەرژوەندی و داب و نەریتی رابردوویان لە دەست نەدەن. ھەڕەشە و مەترسییەکانی دیکە ھەر ھەموویان کۆتاییان پێ دێت."
گولەر زیاتر گوتی: "ئەوانەی ھەوڵ بۆ تێکدانی قۆناغی چارەسەر و پرۆسەی ئاساییکردنەوەی تورکیا دەدەن، چاککردنەوەیشی لە ملی ئەوانە. ئێمە وەکو حکومەت سورین لە سەر بەردەوامی قۆناغی چارەسەر، بەڵام ئەوانەی قۆناغەکە تێکدەدەن دەبێ بەرپرسیارێتیش بگرنە ئەستۆیان. پێویستە لەو بوارەدا ھەر کەس بە ھەستی بەرپرسیارێتیی و گیانی لێبووردەییەوە ھەڵسوکەوت بکات. دەوڵەتیش دەبێ بە ھەر شێوەیەک گیان و ماڵی ھاووڵاتییانی خۆی بپارێزێ."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێژەی بەشدارییکردنی گەنجان لەناو پەکەکە و نەکێشانەوەی چەکدارانی پەکەکە، گولەر گوتی: "تا ئێستا پەکەکە ١٥% تا ٢٠%ی چەکدارانی لە ناو تورکیا بردووەتە دەرەوە، ئەو رێژەیەیش لە ئاست چاوەڕوانی ئێمەدا نییە. لە لایەکی دیکە ھەوڵ بۆ ئەوە دەدرێ کە رێژەیەکی زیاتر گەنجان بچنە نێو پەکەکەوە. بەڵام وەکو ئاماژەم پێدا ئەگەر لە لایەکەوە داواکاریی دیموکراتی پێشکەش بکەی و لە لایەکی دیکەیشەوە پەیوەندییەکانت لەگەڵ رێکخراوی چەکداریی دا بەھێز بن ئەوا ھەڵوێستێکی بەوجۆرە دژی رۆحی قۆناغی چارەسەرییە. ھەمیشە گوتوومە ناکرێ تۆ بڵێی لە دەستێکمدا داواکاری دیموکراتیک ھەیە و دەستەکەی دیکەم چەک، ھەڵوێستێکی بەو جۆرە بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ رۆحی قۆناغی چارەسەریدا ناگونجێ."
موعەمەر گولەر باسی سەرپۆش لە سەرکردنی چوار ئەندام پەرلەمانی کرد و گوتی: "پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان بەبێ نانەوەی ھیچ جۆرە ناکۆکی و ئاژاوەیەک لە سەر پرسی سەرپۆش پێکھاتن، ئەگەر رەخنەی جیاجیا ھەبێ شتێکی زۆر سروشتییە و پێویستییەکی دیموکراسییە، من وەکو ھەڵوێستێک لە بەرامبەر قۆناغی ئاسایی کردنەوە لە قەڵەمی دەدەم. قۆناغی چارەسەری پێویستی بە پرۆسەی ئاساییکردنەوە ھەیە تا کۆمەڵگە بتوانێ ئیرادەی خۆی نیشان بدا. ئەگەر کۆمەڵگە بتوانێ وردە وردە بەرەو ئاسایی بوونەوە بڕوات ئەوا چارەسەر کردنی ئەو کێشانەیش بۆ کۆمەڵگە زۆر ئاسان دەبێ."