Mehmet Tosun
17 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2023
ئەنقەرە-AA
٣٠ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هەشتەم سەرکۆماری تورکیا، تورگوت ئۆزاڵ تێدەپەڕێت،
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کۆیکردوونەتەوە، ئۆزاڵ کە لە ساڵی ١٩٢٧ لە شاری مالاتیا لەدایک بووە، باوکی کارمەندی بانک و دایکی مامۆستا بووە.
ئۆزاڵ کە خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شارە جیاوازەکاندا تەواو کردووە، دوای تەواوکردنی بەشی ئەندازیاریی کارەبا لە زانکۆی تەکنیکی ئیستانبوڵ لە ساڵی ١٩٥٠ لە فەرمانگەی رووپێویدا دەستی بە کارکردن کردووە.
تورگوت ئۆزاڵ دوای ئەوەی لە بواری "ئابووریی ئەندازیاریی" لە ئەمریکا خوێندوویەتی، کاتێک گەڕایەوە بۆ تورکیا پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی رووپێوی وەرگرتووە.
لە ساڵی ١٩٥٤ لەگەڵ سەمرا ئۆزال هاوسەرگیریی کردووە و خاوەنی سێ منداڵ بووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٦١-١٩٦٢ وەک ئەندامی دەستەی راوێژکاری زانستیی لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا خزمەتی سەربازیی کردووە.
ئۆزاڵ کە رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دامەزراندنی رێکخراوی پلاندانانی دەوڵەت و لە نێوان ساڵانی ١٩٦٧-١٩٧١ وەک راوێژکار لە هەمان رێکخراودا ئەرکی وەرگرتووە و لە ساڵانی ١٩٧١-١٩٧٣ وەک راوێژکار لە بانکی جیهانی کاری کردووە.
تورگوت ئۆزاڵ ئەو کاتە دەستی بە ژیانی سیاسی کرد کە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی ١٩٧٧دا وەک کاندیدی پارتی رزگاریی نیشتمانی لە بازنەی ئەزمیر خۆی هەڵبژارد. بەڵام بەهۆی ئەوەی دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا نەیتوانی ببێت بە پەرلەمانتار.
ئۆزاڵ لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٩ وەک راوێژکاری سەرۆکوەزیران دەست بەکار بوو و دواتر دوای کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ وەک جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری دەستنیشان کرا.
- لە پەلامارێکی چەکدرایدا بریندار بوو
ئۆزاڵ کە لە ٢٠ی ئایاری ١٩٨٣ پارتی نیشتمانی دایکی دامەزراند، دوای ئەوەی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی گشتیی کە هەمان ساڵ بەڕێوەچوو، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، ٤٥ەمین حکوومەتی دامەزراند و لە ساڵانی ١٩٨٣ تا ١٩٩١ بەبێ پچڕان لە دەسەڵاتدا مایەوە.
پەلاماری چەکداریی بۆ سەر ئۆزاڵ لە ساڵی ١٩٨٨ بوو بە رۆژەڤی تورکیا.
ئۆزاڵ کە رۆژی ١٨ی حوزەیران لە دووەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی نیشتمانی دایکدا کە لە هۆڵی وەرزشیی ئەتاتورکی ئەنقەرە بەڕێوەچوو، پەلاماری چەکداری کرایە سەر و دەستی راستی بریندار بوو. ئۆزاڵ کە بە برینداری هاتە سەر سەکۆ، گوتی: "دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە، ئەو ژیانەی خوا پێی بەخشیووین، ئەگەر ئەو ویستی لەسەر نەبێت ئەوە هیچ کەسێک ناتوانێت لێمان بستێنێتەوە و ئێمەش ملکەچین پێیەوە".
کارتاڵ دەمیراغ کە پەلامارەکەی رێکخستبوو دواتر دەستگیر کرا و لە دادگادا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. دەمیراغ کە دواتر سزاکەی بۆ ٢٠ ساڵ زیندانی گۆڕدرا، دوای چوار ساڵ زیندانیکردن لە ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن تورگوت ئۆزاڵەوە لێخۆشبوونی بۆ دەرچوو.
- نەتوانرا هۆکاری مردنی ئۆزاڵ دیاری بکرێت
تورگوت ئۆزاڵ لە ١٧ی نیسانی ساڵی ١٩٩٣ لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، دوای گەشتێکی ١٢ رۆژی بۆ پێنج وڵات، کۆچی دوایی کرد.
دوای ١٩ ساڵ لە مردنی، لە ساڵی ٢٠١٢ گۆڕی ئۆزاڵ هەڵدرایەوە بۆ ئەوەی پشکنین بۆ تەرمەکەی بکرێت دوای ئەوەی بانگەشەی ئەوە کرا کە "کوژراوە".
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە رایگەیاند کە بەپێی راپۆرتی پشکنینەکان بەو زانیارییانەی لەبەردەستن نەتوانراوە هۆکاری وردی مردنی ئۆزاڵ دیاری بکرێت.