Mohammed Baqi Hussein
31 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2016
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت،"توركیا خاوەنی هێز و دەسەڵات و بڕیاری سەركەوتنە بەسەر پەكەكەدا".
لە روونكردنەوەیەكی ناوەندی چاپەمەنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیادا هاتووە، سەركۆمار بەبۆنەی سەری ساڵی تازی زایینیەوە پەیامێكی بڵاوكردۆتەوە.
لە پەیامەكەیدا ئەردۆغان جەختی كردۆتەوە كە ساڵی 2015ی پڕ لە پێشهاتی گرنگ بەڕێكراوە و بە ئومێدی نوێ و جۆشوخرۆشەوە پێدەنێنە ساڵی 2016 و دەڵێت،"ئومێدەوارم ساڵی نوێ ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلی ئازیزمان و هەموو مرۆڤایەتی".
ئەردۆغان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە رووداو و پێشهاتەكانی سووریا بە چالاكییەكانی پەكەكەشەوە، هۆكاری زۆرێك لە رووداو و پێشهاتەكان بوون. جەختیشی كردۆتەوە كە توركیا هەر لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە هەڵوێستی مرۆڤانە و ئەخلاقییانەی نیشانداوە و لایەنگری لێقەوماو و ستەملێكراوانی كردووە و ئەو هەڵوێستە بەرانبەر دۆخی وڵاتانی دیكەی وەك عێراق، لیبیا و میسریش نیشان دراوە.
ئەردۆغان گوتی: "وڵاتەكەمان چاوی نەبڕیوەتە خاك و سەروەریی هیچ وڵاتێك. ئێمە تەنها دەمانەوێت خەڵكی ناوچەكە لە ئاسایش و سەقامگیریدا بژین. هەروەك چۆن توركیا هۆكاری رووداوەكانی عێراق، لیبیا، میسر و فەڵەستین نەبووە، بەرپرسیاری قەیرانی سووریاش نییە. ئێمە جگە لە ئاسایشی خەڵكی ناوچەكە هیچ ئامانجێكی دیكەمان نەبووە و نامانبێت. هەر بەم تێگەیشتنەوە ئەمڕۆ لەخاكی خۆماندا میوانداری 2،5 ملیۆن میوان دەكەین كە 2،2 ملیۆنیان لە سوریاوە و 300 هەزاریان لە عێراقەوە هاتوون. دەمەوێت سەرنجتان بۆ ئەوە رابكێشم كە لەو ژمارەیە لە هەموو ئاین و بیروباوەڕ و مەزهەب و نەتەوەیەكەوە خەڵكی تێدایە. چونكە بۆ ئێمە ئەوە بەسە كە مرۆڤ بێت، ئەگەر هاتە دەرگاكەمان، دەرگا كراوەیە بۆی. ئەم تێگەیشتنە هەم بیروباوەڕی باو و باپیرانمانە، هەم بیروباوەڕی ئاینیمانە. رژێمی ستەمكاری ئەسەد كە لە سووریا ٤٠٠ هەزار كەسی بێ تاوانی كوشتووە و ١٢ ملیۆن هاووڵاتی لە ماڵ و حاڵ و نیشتمانیان كردووە، لە ئێستادا یەكێك لە ئامانجەكانی خۆی و هاوكارەكانی، توركمانەكانی بایربوجاكە. خاوەندارێتی كردن لەم خوشك و برا راستەقینانەمان وەك توركیا و وەك گەلی توركیا، ئەركی سەر شانمانە".
ئەردۆغان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەیش داوە كە پەكەكە بۆتە داردەست و ئامرازی دەستی هێزەكانی دەرەكی و تاریك لە دژی توركیا و ئامانجیان پارێزگاری كردن نییە لە مافەكانی خەڵكی ناوچەكە و ئەوەش بە رووداوەكانی ئەم دواییەوە دیارە.