Cüneyt Karadağ,Ramal Abdullah Mahmood
01 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2018
بەرلین – AA
لە میانی هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی DPA ئەڵمانی، وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەڵمانیا دوا.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو باش نەبوون، بەڵام دواتر هەندێک بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە بینی، گوتی: "بە تایبەتی لەگەڵ زیگمار گابرێل دوو دیالۆگمان هەیە. پێموایە هەردوولامان ئامادەین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان.هیوادارم ٢٠١٨ ساڵێکی باش بێت (بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان)".
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان هیچ ئاڵۆزییەک نابینن و تورکیا کێشەی لەگەڵ ئەڵمانیا نییە، گوتی: "بەڵام ئەڵمانیا کێشەی لەگەڵ تورکیا هەیە و لە دەرفەت دەگەڕێت بۆ پەلاماردانی تورکیا. هەروەها مەیلێکی زۆر مەترسیدار هەیە بۆ ناشیرینکردنی تورکیا و ئەردۆغان. ئەمە هیچ سوودیکی نییە. پێموانییە ئەم شتانە سەرکۆمار هەراسان بکەن، بەڵام زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەگەیەنن. لە هەردوو وڵات دەبێتە هۆی رق و کینە. جا کێشەی چیمان لەگەڵ ئەڵمانیا هەبێت؟ هێشتا چاوەڕێی وەڵامێکی دروستی پرسیاری ئەوەم کە ئەڵمانیا بۆچی کێشەی لەگەڵ تورکیا هەیە".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ناوبراو بۆچی هۆشداریداوە لە گەشتکردنی هاووڵاتییانی تورکیا بۆ ئەڵمانیا، چاوشئۆغڵو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دوای ئەوەی ئەڵمایا هۆشداری دا بە هاووڵاتییانی لەگەشتکردن بۆ تورکیا، ئەوان ئەم هۆشدارییەیان داوە، گوتی: "پارتی رەگەزپەرست لە سەدا ١٣ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە. رەگەزپەرستی، جیاکاری لە ئەڵمانیا تەشەنە دەستێنێت. ئەمەمان لە دوا هەڵبژاردن بۆ دەرکەوت".
چاوشئۆغڵو دژی ویستی سزادانی تورکیا وەستایەوە لە رێگای هۆشداریدان بۆ گەشتنەکردن بۆ تورکیا و گوتیشی: "دەبوو وەڵامی ئەو هۆشدارییەم دابووایەوە. لەبەرئەوە نا کە حەزم لەوەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی خواستی هاووڵاتییانمان بەمجۆرە بوو. دەبێ ئەڵمانیا لەوە تێبگات ئەگەر ئەو هەنگاویک بە پیر ئێمەوە بێت ئێمە دوو هەنگاو بەپیریەوە دەچین. ئەمە لاوازی نییە بە پێچەوانەوە لە دڵەوەیە. بەڵام ئەڵمانیا هەڕەشە لە تورکیا بکات. تورکیاش (لە بەرامبەردا) چی پێویست بێت دەیکات".