Rewa Mahmut Hasan
15 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2015
سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی سەرەتا کاردانەوەی توندی نواند بەرامبەر بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ تورکیا و گوتی: "ئەو خێرەی لە هاتنەکەی بارزانیدا دەیبینین، لە خوای داوا دەکەین. بارزانی کێیە هاریکاری لەگەڵ بکەیت. چ ئۆجەلان، چ بارزانی، جیاوازییان چییە؟".
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا باخچەلی بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی تورکیا کشاوەتەوە، هەروەک ئەنجامدانی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی هەدەپەی لە دیاربەکر بە پیلانێک وەسف کرد و پرۆسەی چارەسەریی بە هەنگاوێک بۆ خودموختاری وەسف کرد.
باخچەلی ئاماژەی بەوە دا کە لە سەرێکی ئەو پیلانە ناپاکانەدا هەدەپە هەیە و لەو سەری تریشی ئاک پارتی.
لەبارەی گواستنەوەی سوپای تورکیا لە ناوچەی بەعشیقەی مووسڵ و بڕیاری حکوومەتی ناوەندی عێراقیشەوە باخچەلی پشتگیری لە هەنگاوەکانی وڵاتەکەی کرد و زۆر بەتوندی ئیدانەی سووتاندنی ئاڵای تورکیای کرد لە بەغدا و گوتی: "ئەوەی بانگهێشتی سوپای تورکیای کردووە بۆ ناوچەی بەعشیقەی مووسڵ، عێراقە. زۆر ئاساییە کە تورکیا بەمەبەستی یارمەتیدان وراهێنانی تورکمانانی هاوڕەگەزی خۆی بچێتە عێراق".