Ahmet Furkan Mercan,Abdullah Shukur
30 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2019
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بانگھێشتی ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی لە شاری ئەنقەرە کرد و پێی راگەیاند کە تورکیا بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی (ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور) لە دژی تیرۆریستان.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی وەرگیراون، ھەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراقی لە شاری ئەنقەرە، حیسام محەمەد بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کراوە.
حامی ئاکسۆی لەمبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند کە بە پێداگرییەوە درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پەکەکە دەدەن و گوتیشی: "لەبارەی بانگەشەی ھەبوونی زیانی سڤیل لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە پەکەکە، بە ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق گواتراوە کە گشت ئەو لێدوانانەی دراون جێگەی قبوڵ نییە. لەکاتێکدا کە بەرپرسانی ئیدارەی ھەرێمی کوردی باکوور(هەرێمی کوردستان) لە لێدوانەکانیاندا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی ناوچەکە، پەکەکەیان بە بەرپرسیار گرتووە، لێدوانی عێراق لەمبارەیەوە بێ ناوھێنانی پەکەکە لەگەڵ ئەو ژینگە ئەرێنییەی پەیوەندییەکانمان یەک ناگرێتەوە کە لەم دواییەدا لە میانی سەردانەکانی بەرپرسانی باڵا بەدەستھاتووە. راشمانگەیاندووە کە رێز لە سەروەری عێراق دەگرین و بەم ھۆیەوە پێویستە تیرۆریستان لە خاکەکەیدا نەحەوێندرێتەوە. ھاوکات ئاماژە بەوەشکراوە کە ئۆپەراسیۆنەکانمان بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبن".