Sadrettin Kaya
03 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2024
وان - AA
لە قەزای چاڵدیران لە پارێزگای وان، گوڵە زەردەکان کوێستانەکانی ناوچەکەیان داپۆشیوە.
لەگەڵ سەوزبوونی سروشتی کوێستانەكانی ناوچە بەرزەکانی چیای تەندورەک، دیمەنی جوان و دڵڕفێن دروست بووە.
ئاوێتەبوونی گیای سەوز و گوڵە زەردەکان کوێستانەکانی وانی ڕازاندووەتەوە، هاووڵاتیانیش بۆ کۆکردنەوەی ئەو گژوگیا بەسوودانەی لە دروستکردنی خواردنی ناوچەیی و پەنیردا بەکار دێن، سەردانی کوێستانەکان دەکەن.
مەهمەت ساکی تاش، کە یەکێکە لە هاووڵاتیانی ناوچەکە، باسی لەوە کرد سەوزبوونی گژوگیا و کرانەوەی گوڵەکان دیمەنێکی قەشەنگیان بە کوێستانەکانی ناوچەکە بەخشیوە.
تاش باسی لەوە کرد کە وەرزی زستان لە قەزاکەیاندا درێژە دەکێشێت و گوتی: "لەگەڵ توانەوەی بەفر و پشکوتنی گوڵەکان کوێستانەکانی ناوچەکەمان ڕەنگاوڕەنگ دەبن و دیمەنێکی قەشەنگ دروست دەبێت. ئێمە هاتووین تەماشای ئەو دیمەنە جوانانە بکەین. لێرە دیمەنی زۆر جوان هەیە".