Hamit Hüseyin
11 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2016
ئەمڕۆ بە فەرمی یەکەم گەشتی نێوان هەولێر - دیاربەکر لەلایەن هێلی ئاسمانی تورکی ئەنجام دراو سەبارەت بە بابەتەکەش بەپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تورکیا کۆنگرەیەکی ھاوبەشیان ئەنجامدا.
بەرێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر تەلار فایق لە کۆنگرەکە گوتی: "خوشحالین بە ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی نێوان شارەکانی دیاربەکر-ھەولێر، بێ گومان ئەو کارە گرنگی خۆی ھەیە لە رووی ئابووری و سیاسی و بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی کۆمەلایەتی ھەر دوو لا. جیازازی ئەم گەشتە ئەوەیە کە لە نێوان دوو شاری کوردی دوو وڵات ئەنجام دەدرێت. ھێوای سەرکەوتن بۆ هێلی ئاسمانی تورکی دەخوازین کە یەکێکە لە ھاوکارە گرنگەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و ھەورەھا ئەم گەشتە ھەفتانە سێ رۆژ دەبێـت:"
بە هەمان شێوە جێگری سەرۆکی گشتی ئاکپارتی مەھدی ئەکەر بە چەند ووشەیەکی کوردی پیرۆزبای ئەو گەشتەی کرد و گوتی: "بە دەستپێکردنی ئەو گەشتە دەتوانین پەیوەندییەکانی ئابووری و دوستایەتی قۆلتر بکەین وهیوادارین لە رێی ئەم گەشتەوە بتوانین پەیوەندییەکانمان زیاتر بەرەو پێش ببەین. لەمەو پێشا سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئوغلو موژدەی ئەوەی دابوو کە ئەو گەشتە دەستپێدەکات وئەمڕۆسلاوی سەرۆکوەزیران دەگەینمە شاری ھەولێر:"
دواتر پارێزگای ھەولێر نەوزاد ھادی بەخێرھاتنی میوانەکان کردو و گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی تایبەتە لە مێژووی کورد، خۆشحالین بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان هەم لە رابردوو هەم لە ئێستادا، هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی زیاتر بەرەو پێشچوونی پەیوەندییەکانمان. بە دڵنیایەوە گەشتی نێوان هەولێر - دیاربەکر وێڕای سوودی ئابووری نێوان هەردوو شار خزمەتێکی بەرچاو بە ئاشتەوایی نێوان هەردوو شار دەکات".
پارێزگای دیاربەکر حوسێن ئاکسۆ گوتی: "دیار بەکر یەکێکە لە شارەگەورەکانی تورکیا، لە رابردوو بەهۆی خراپی فڕۆکەخانە نەدەتوانترا گەشتی نێودەوڵەتی ئەنجام بدرێت، بەڵام بە بڕیاری سەرۆکوەزیانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لەم چەند مانگەی نۆژەنکرایەوە و لە ئێستادا یەکێکە لە فڕۆکەخانەی مۆدێرنەکانی تورکیا کە توانای گواستنەوەی ٥ هەزار گەشتیاری هەیە لە رۆژێکدا".
دوای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەش بەبۆنەی پرۆژەکە هەردوولا بە هاوبەشی کێکیان پارچە کرد.