Serdar Adıyaman
21 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2023
بەدلیس - AA
کۆکردنەوەی بەرهەمی گێلاس لە قەزای ئاهلات سەر بە پارێزگای بەدلیس باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا، دەستی پێ کرد.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانەکانی قەزاکە، نیهات کەسکین سەردانی باخچەکانی گێلاسی کرد لە گوندی سەیرانتەپە کە تازە کۆکردنەوەی بەرهەمەکان تێیاندا دەست پێ دەکات.
کەسکین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ساڵانە کۆکردنەوەی بەرهەمی گێلاس لە قەزاکەیان دوای هەموو شارەکانی دیکەی تورکیا دەست پێ دەکات.
بە ئاماژەدان بەوەی دەستیان بە کۆکردنەوەی بەرهەمی گێلاس کردووە، کەسکین گوتی: "ئەو شوێنەی کە باخچەکەمانی تێدا هەڵکەوتووە نزیکەی هەزار و ٩٥٠ مەتر لە ئاست دەریاوە بەرزە. کۆکردنەوەی بەرهەمەکان نزیکەی ١٠ رۆژی دیکە دەخایەنێت. باخچەکەمان ١٢ دێکارە. چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵ بە نزیکەیی ٢٥ تۆن بەرهەممان دەستکەوێت".
لەبەرامبەردا بەرهەمهێنەری گێلاس، عەلی رەزا چاغڵار رایگەیاند کە لەباخچەکەیدا ٨٠٠ داری هەیە و گوتی: "بەهۆی بەرزیی شوێنەکەمانەوە تازە دەستمان بە کۆکردنەوەی بەرهەمی گێلاس کردووە، دوای ئەوەی لە هەموو شوێنێکی تورکیا تەواو دەبێت ئینجا لێرە کۆکردنەوەی بەرهەمەکان دەست پێ دەکات. کوالێتی بەرهەمەکانمان زۆر باشە، دەیفرۆشینەوە بە شارەکانی دەوروبەرمان. تام و بۆنی بەرهەمەکانمان زۆر خۆشە، بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرهەمەکانمان دوو هێندە زیادی کردووە".