Serkan Avci,Mustafa Ünal Uysal,Koray Kılıç,Yalçın Taşlıalan
12 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2023
مێرسین - AA
کارەکانی گواستنەوەی شاخەوانی ئەمریکی، مارک دیکی کە لە سێی ئەیلوولدا بەمەبەستی کاری پشکنین چووە ئەشکەوتی مۆرجا و لە قووڵایی نزیکەی هەزار و ٢٧٦ مەتردا تووشی خوێنبەربوونی گەدە بوو، دوای بڕیاری پزیشکەکان لە نۆی ئەیلوولەوە بەهەماهەنگیی لەگەڵ ئافاد درێژەی هەبوو.
پاش ئەوەی دیکی لەلایەن پسپۆڕانی گەڕان و ڕزگارکردن و تیمەکانی تەندروستییەوە گەیەندرایە کەمپێک کە لە قووڵایی ١٨٠ مەتر بوو، بۆ ماوەیەک پشووی پێدرا.
لە دوای پشکنینی پێویست، ئەو شاخەوانە ئەمریکییە بە نەقالە گواسترایەوە و دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر بە شێوەیەکی سەلامەت گەیەندرایە دەرەوەی ئەشکەوتەکە.
لەوهەڵمەتی گواستنەوەیەدا کە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچوو، لە پاڵ تیمەکانی ئافاد، تیمی تەندروستیی بەهاناوەچوونی بەپەلە، جەندرمە، دەستەی ئەورووپا بۆ ڕزگارکردنی لە ئەشکەوت، فیدراسیۆنی ئاشکەوتەوانی تورکیا، ١٩٦ تیمی ڕزگارکردن لە هەشت وڵاتەوە بەشداریان کرد.
دوای ئەوەی دیکی گەیەندرایە کابینی تەندروستیی لە ناوەندی هەماهەنگیی ئافاد کە لەو شوێنەدا دروستکرابوو، پشکنینی پێویستی تەندروستیی بۆ ئەنجام درا.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، مارک دیکی، سوپاسی هەموو ئەو تیمانەی کرد کە بەشدارییان کردووە لە کارەکانی گواستنەوەیدا.
دیکی باسی لەوە کرد کە قۆناغێکی سەختی گواستنەوەیان بەڕێکردووە و گوتی: "بە پشتیوانی شاخەوانانی هەنگاری و تورک لە ئەشکەوتەکەوە هەزار مەتر سەرکەوتن و دواتر هەزار مەتری دیکە چوونە خوارەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکە و ژیانیان ڕزگارکردم. وەڵامدانەوەی خێرای حکوومەتی تورکیا سەرچاوە پێویستییەکانی بە تیمەکان گەیاند. هەروەها دەمەوێت سوپاسی تیمی ڕزگارکردنی هەنگاری بکەم. ئەوان یەکەم کەس بوون گەیشتنە لام. بە پشتیوانی حکوومەتی تورکیا دەستبەجێ وەڵامیان دایەوە، لە ماوەیەکی هەشت کاتژمێرییدا لەوێ بوون و بۆ دووەمجار ژیانیان ڕزگارکردم. سەرکێشییەکی زۆر شێتانە بوو، بەڵام ئێستا لەسەر زەویم، هێشتا لە ژیاندام. زۆر سەخت بوو، ئەمە یەکەم جارە ڕوو دەدات".
دیکی بەم شێوەیە باسی لە ڕووداوەکانی ناو ئەشکەوتەکە کرد کە هەستی بە چی کردووە و گوتی: "بە جددی هەستم دەکرد وەک ئەوەی شێت بووبم. دەموت 'ئەمە جددیە؟ من نامرم'. کەمێک خوێنم هەبوو؛ شتێک بوو وەک هەوکردنی بەکتریا. شتێکی لەم شێوەیە... دواتر دەستم کرد بە هەڵهێنانەوەی خوێن. بەردەوام دەڕشامەوە و خەریک بوو لە هۆش دەچووم. گەیشتمە ئاستێک کە ئیدی نەمێنم".
دوای پشکنینی پێویستی سەرەتایی، دیکی بە هێلیکۆپتەر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری مێرسین و دەست بە چارەسەرکردنی کرا.
گرووپێکی شاخەوانی ١٥ کەسی کە پسپۆڕانی بیانی ئەشکەوتیان لەنێودابوو، بەمەبەستی کاری پشکنین لە سێی ئەیلوولدا چوونە ئەشکەوتی مۆرجا و، دیکی کە یەکێک بوو لە ئەندامانی گرووپەکە توشی خوێنبەربوونی گەدە بوو. بەو هۆیەوەشەو دەستکرا بە هەڵمەتی دەرهێنانی لە ئەشکەوتەکەو گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە.