Mazın Asad
10 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2016
وان - AA
جێگری سەرۆکی لقی ئاکپارتی لە شارۆچکەی ئۆزاڵپی سەر بە شاری وان، ئایدن موشتو لە ئەنجامی ھێرشێکی چەکدارانی پەکەکە کوژرا.
بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای وان، جێگری سەرۆکی لقی ئاکپارتی لە شارۆچکەی ئۆزاڵپی سەر بە شاری وان ئایدن موشتو کە دانیشتووی گەڕەکی ئاشاغی مەلا حەسەنە لە شارەکە و لە ھەمان کاتدا پیشەی بەکارخستنی پاسی بچووک بەڕێوە دەبات، کاتژمێر ٩ی ئێوارە چەکدارانی پەکەکە ویستیان دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەی بگرن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاشکرا کراوە کە کاتێک موشتو نەیویست ئۆتۆمبێلەکە بە چەکدارانی پەکەکە بدات، تەقەی لێکراو و کوژراوە و پاشان بەو ھۆیەوە ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی بکەرانی رووداوەکە دەستی پێکردووە.
-"لە ماڵەکەی لە پێش منداڵەکانی شەھید بوو"
سەرۆکی لقی ئاکپارتی لە وان زەھیر سۆغاندا لە لێدوانێکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە موشتو ماوەیەکی زۆرە لە رێکخستنی پارتەکەیان لە شارۆچکەکە ئەرکی جێگری سەرۆکی بەڕێوە دەبرد.
سۆغاندا گوتیشی: "ھاورێی رێبازەکەمان لە ماڵەکەی لە پێش منداڵەکانی شەھید بوو. تیرۆریستان لە ھەمان کاتدا دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشی گرت. رێکخراوی تیرۆر لە یەکەم رۆژی جەژندا ھێرشی بۆ سەر سەرۆکایەتی لقی وان ئەنجام دابوو کە بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتیانمان بریندار بووبوو. رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە ئەوە بە باشی بزانێت کە یەک ئایدن موشتو دەڕوات و لە شوێنی ھەزاران ئایدن موشتو دێت. بە نەفرەتەوە ئیدانەی ئەو ھێرشە دەکەین".