Abdullah Shukur
03 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2016
سەرۆكی گشتی ئاك پارتی و سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند: "ئەوان لە كاتێكدا لە لەناوچووندان دەیانەوێت بە نانەوەی شەڕو ئاژاوەو رێگری لە چارەسەر، سیاسەت و پەرلەمان پەك بخەن، ھیچ گومانتان نەبێت لەوەی كە ئەوانەی پاڵپشتی ئەو تیرۆریستانەیان كرد كە مزگەوتی گەورەی دیاربەكر و مزگەوتی گەورەی بورسایان كردە ئامانج و برایانی ئێمەیان كوشت، باجەكەی دەدەن، بە دڵنیاییەوە باجەكەی دەدەن".
داودئۆغڵو لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند كە توركیا لە ساڵی ٢٠١٥دا لە سەرەوەی پێشبینییەكان گەشەی كردووە و ئەمەش متمانەی گشت سێكتەرەكانی بەرزكردووەتەوە و رێژەی وەبەرھێنانی بیانی و ناوخۆیی زیاد كردووە.
داودئۆغڵو جەختی لەوە كردەوە كە پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن بەڵێنەكانی خۆیان لەبارەی دەستووری نوێ جێبەجێ نەكردووە و گوتی: "ھەدەپە تا ئێستا بەرگری لەو توندوتیژییە دەكات كە خەڵكی ئێمەی كردووەتە ئامانج. بەردەوامن لە سڵاو ناردن بۆ ئەو كەسانەی كە ئاگریان لە شارەكانمان بەرداوە. ئێستاش بۆ رێگریكردن لە ھەڵگرتنی پارێزبەندی ھێرش دەكەنە سەر پەرلەمانتارەكانمان. ئەوان لە كاتێكدا لە لەناوچووندان دەیانەوێت بە نانەوەی شەڕو ئاژاوەو رێگری لە چارەسەر، سیاسەت و پەرلەمان پەك بخەن، ھیچ گومانتان نەبێت لەوەی كە ئەوانەی پاڵپشتی ئەو تیرۆریستانەیان كرد كە مزگەوتی گەورەی دیاربەكر و مزگەوتی گەورەی بورسایان كردە ئامانج و برایانی ئێمەیان كوشت، باجەكەی دەدەن، بە دڵنیاییەوە باجەكەی دەدەن".
راشیگەیاند كە ئەوانەی ھێرش دەكەنە سەر مزگەوتەكان ماشەی دەستی دەرەكین.