İlyas Kaçar,Çiğdem Münibe Alyanak,Lokman Akkaya
01 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2022
ئیستانبوڵ - AA
یادکردنەوەی ١ی ئایار رۆژی جیهانیی کرێکاران لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو.
ساڵانە لە چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە یادکردنەوەی ١ی ئایار رۆژی جیهانیی کرێکاران، سەندیکاکانی کرێکاری و پارتە جیاجیاکان لە ئیستانبوڵ بەشدار دەبن و ئەو رۆژە بەرز دەنرخێنن.
تیمەکانی پۆلیس رێگەیان بەو گرووپانە نەدا کە لە چەندین خاڵی جیاوازەوە هەوڵیان دەدا بە بۆنەی ١ی ئایار رۆژی جیهانیی کرێکاران بێنە گۆڕەپانی تەقسیم و گردبوونەوە و خۆپیشاندانی نایاسایی ئەنجام بدەن و چەندین خۆپیشاندەریش دەستگیر کران.

ئەندامانی پارتی رزگاری گەل کە لە شەقامی بەشیکتاش باربارۆس گرد ببوونەوە، هەوڵیان دا لەوێوە بێنە تەقسیم، تیمەکانی پۆلیس ئەو کەسانەیان راگرت کە دروشمەکانی "بژی ١ی ئایار" و "بژی پارتی رزگاری گەل"یان دەگوتەوە، ٢٩ کەس لەو گروپە کە دژی پۆلیس وەستانەوە و پێداگیربوون لە رێپێوانەکەیان، دەستگیر کران.
گرووپێکی دیکە کە ناویان لە خۆیان ناوە "رێکخراوی گەنجانی شۆڕشگێڕ" لە پارکی هۆنیارانی بەشیکتاش گردبوونەوە و هەوڵیان دا رێپێوانی بێ مۆڵەت ئەنجام بدەن. پۆلیس رێگەی نەدا گروپەکە بێنە ناو تەقسیم و ٣٠ کەسیان لێ دەستگیر کرا.
گرووپێک کە لە شیشلی'یەوە بەرەو گۆڕەپانی تەقسیم بەڕێ کەوتبوون، لە وێستگەی میترۆی شیشلییەوە بە دەم گوتنەوەی دروشم رێپێوانیان ئەنجام دا.
تیمەکانی پۆلیسیش کە رێوشوێنی ئەمنییان لە ناوچەکە گرتبووە بەر، رێگەیان بەوە نەدا گروپەکە زیاتر بەرەو پێشەوە بچن. ٢٢ کەس لەو گروپە کە سەرەڕای تەواوی هۆشداریدانەکان بەردەوام بوون لە رێپێوان، دەستگیر کران.
دەستگیرکراوەکان بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستانبوڵ کران.
