Mazın Asad
14 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2017
پەرلەمانی تورکیا - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لەبارەی بوومەلەرزەکەی عێراق، رایگەیاند: "بە شانازییەوە دەڵێم یەکەم تیم کە بەهانای قوربانیانی بومەلەرزەکەی عێراقەوە چوون، تیمەکانی ئێمە بوون".
بینالی یڵدرم لەمیانی گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاک پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری ئەو قوربانیانە کرد کە لە بوومەلەرزەکەی سنووری ئێران و عێراق گیانیان لەدەست دا و ھیوای چاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواست.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ ساتی روودانی بوومەلەرزەکە، بە تایبەتی مانگی سووری تورکیا و ئافاد و تیمی رزگاری پزیشکیی نیشتمانی و ئەوانی دیکە بە خێرایی بۆ ناوچەکە رەوانە کران و گوتیشی: "بە شانازییەوە ئەوە دەڵێم یەکەم تیم کە بەهانای قوربانیانی بوومەلەرزەکەوە چوون، تیمەکانی ئێمە بوون".
یڵدرم روونیشی کردەوە کە جگە لە تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن و بەھاناوەچوونی پزیشکی فریاگوزاری و ھاوکاری مرۆیی، ھەموو جۆرە ھاوکارییەکیان گەیاندووەتە ئەو ناوچەیەی بوومەلەرزەکە لێی روویداوە و زیاتر گوتیشی: "بە لەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوەی زستان و ساردبوونی کەشوھەوا، لە قۆناغی یەکەمدا سێ ھەزار چادر، سێ ھەزار گەرمکرەوەی ئاو، ١٠ ھەزار بەتانی بەسەر ئەو کەسانە دابەشکراوە کە بەھۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان پێگەیشتووە. مانگی سووری تورکی و ئافاد کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ عێراق کار دەکەن، ٥٠ بارھەڵگر ھاوکاری مرۆیی، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کارەساتی سرووشتی بەکارەھێنرێن و لەگەڵ کارمەندی پسپۆر تاکو ئێستاش لەسەر کارەکانیان لە ناوچەکە بەردەوامن. وەک تورکیا نەک تەنھا دراوسێکانمان، بەڵکو لە ھەر شوێنی جیھان کارەساتێکی سرووشتی رووبدات، ئەوا ئێمە لەوێ دەبین. بەو ھۆیەوە ھاوبەشی ئازارەکانی گەلانی دۆست و برامان لە عێراق و ئێرانین و سەرەخۆشی خۆمانیان ئاراستە دەکەین".