لەندەن- AA
١٢ یانەی ئینگلتەرا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا بۆ دامەزراندنی سوپەر لیگی ئەورووپا گەیشتنە رێککەوتن.
یانەکانی ئارسناڵ، مانچستەر یونایتد، چێڵسی، لیڤەرپوول، مانچستەر ستی و تۆتەنهام هۆتسپەر لە ئینگلتەرا، ئەی سی میلان، ئەنتەر میلان و یوڤێتوس لە ئیتاڵیا و ئەتلەتیکۆ مەدرید، بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە ئیسپانیا راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەو یانانە ئەوەیان خستووەتەڕوو کە رێککەوتوون لەسەر دامەزراندنی سوپەر لیگی ئەورووپا و چاوەڕوان دەکەن سێ یانەی دیکەش بەشداری بکەن.
یانەکان باسیان لەوەشکردووە کە بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجامی تۆپی پێ بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی فیفا و یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا دەکەن، ئەوەش وەبیرهێندراوەتەوە کە دامەزراندنی سوپەر لیگی ئەورووپا هاوکاتە لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و زیادبوونی ناسەقامگیری لە ئابووری یەکێتی ئەورووپا.
وا بڕیارە لە خولی سوپەر لیگی ئەورووپا، ٢٠ یانە رکابەری بکەن کە ١٥ یانەیان لە دامەزرێنەرانی لیگەکەن و پێنج یانەکەی دیکەش لە هەر وەرزێکدا دەگۆڕێن.
پێشتر بەرپرسانی هەریەکە لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا، پریمێەر لیگ، یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، لا لیگا، یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا و سێری ئا پێکەوە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردبووە و دژی پڕۆژەی سوپەر لیگی ئەورووپا وەستابوونەوە.