مەدرید- AA
دەنگۆی ئەوە هەیە یاریزانی ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسی بە نووسراوێک بە یانەی بارسێلۆنای راگەیاندووە کە دەیەوێت ئەو یانەیە بەجێ بهێڵێت.
بەپێی چەند هەواڵێکی میدیای ئەرجەنتینی و ئیسپانی یاریزانی بەتوانای ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسی بە یانەی بارسێلۆنای راگەیاندووە کە نایەوێت وەرزی داهاتوو لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوام بێت لە یاریکردن و داوای کردووە بێ بەرامبەر گرێبەستی نێوانیان کۆتایی پێ بهێندرێت.
جێێ ئاماژەیە مێسی کۆتا جار لە ساڵی ٢٠١٧ گرێبەستی لەگەڵ ئەو یانە ئیسپانییە تازە کردەوە و ئەم گرێبەستە تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١ کاری پێ دەکرێت.
یەکێک لەو بابەتانەی تا ئێستا لەنێوان مێسی و بارسێلۆنا-دا یەکلایی نەکراوەتەوە ئەوەیە ئایا "پێویست دەکات مێسی بڕی ٧٠٠ ملیۆن یورۆ بدات لە بەرامبەر یەکلایەنە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی نێوانیان؟"
راگەیاندنەکانی ئیسپانیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پێویست ناکات مێسی ئەو بڕە پارەیە بدات بە مەرجێک ساڵێک پێش جێهێشتنی یانەکە، بارسێلۆنا ئاگادار بکاتەوە.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەیەکی ئیسپانی، یانەی بارسێلۆنا راستەخۆ وەڵامی مێسی داوەتەوە و پێیان راگەیاندووە کە داواکاری کۆتایی هێنانی گرێبەستەکە بەبێ بەرامبەر هیچ پاڵپشتێکی یاسایی نییە.