ئیستانبوڵ - AA
لە شازدەهەمین پاڵەوانێتی نەتەوەکانی ئەورووپا بۆ تۆپی پێ (یورۆ ٢٠٢٠)دا، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا رووبەڕووی هەڵبژاردەی دانمارک بوویەوە.
یارییەکە کە لە یاریگای وێمبلی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەچوو، تیایدا ماوەی ئاسایی بە ئەنجامی ١-١ بۆ هەردوولا تەواوبوو، دواتر لە ماوەی زیادکراودا، ئینگلتەرا بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە یەک گۆڵ بۆ دانمارک، یارییەکەی بردەوە و سەرکەوت بۆ یاریی کۆتایی.
لە خولەکی ٣٠ یاریەکەدا، دانمارک گۆڵێکی لە رێگەی میکێل دامسگارد-ەوە تۆمار کرد.
یارییەکە بەو ئەنجامە بەردەوام بوو تا لە خولەکی ٣٩ی یارییەکەدا، سیمۆن کایەری دانمارکی بەهەڵە گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا تۆمار کرد و ئەنجامەکە یەکسان بوویەوە.
ماوەی ئاسایی یارییەکە بە یەکسان بوونی هەردوو هەڵبژاردەکە بە یەک گۆڵ بۆ هەردوولا کۆتایی هات و پەنا برایە بەر ماوەی زیادکراو بۆ یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکەی.
لە خولەکی ١٠٤ی یارییەکەدا، ناوبژیوانی یارییەکە لێدانی سزای بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هەژمارکرد کە یاریزان هاری کەین جێبەجێی کرد و لە دوای گەڕانەوەی لێدانەکە دووبارە تۆپەکە کەوتەوە لای کەین و گۆڵی دووەمی بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و بەو ئەنجامەیش ئینگلتەرا سەرکەوت بۆ یاری کۆتایی پاڵەوانێتیەکە.
رۆژی یەکشەممە ١١ی تەمووز، کاتژمێر ٢٢:٠٠ بەکاتی هەولێر، یاریی کۆتایی لە یاریگای وێمبلی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەنێوان هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئەنجام دەدرێت.