aras huseiyn
06 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2020
دهۆک - AA
دوای ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بە شێوەیەکی زۆر لە سنووری پارێزگای دھۆک بڵاوبوویەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی دھۆک رێکارەکانی پێدانی پلازمای خوێنی چاکبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای بە تووشبووانی ڤایرۆسەکە گرتە بەر، بەڵام بە گوتەی بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە دھۆک، عادل عەبدولسەلام عوسمان بەخشینی پلازمای خوێن لەلایەن چاکبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاستی پێویستدا نییە و تا ئێستا تەنها، ٣٥ کەس پلازمای خوێنی بەخشیوە.
عادل عەبدولسەلام عوسمان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "تا ئێستا نزیکەی ٦٠ کەس لە چاکبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ سەردانی بانکی خوێنیان کردووە لە دھۆک بۆ بەخشینی پلازمای خوێن، بەڵام لەو ژمارەیە تەنها لە ٣٥ کەس پلازمای خوێن وەرگیراوە، چونکە وەرگرتنی پلازما رێکاری تایبەتی خۆی ھەیە و ناکرێت لە ھەموو کەسێک وەربگیرێت".
بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە پارێزگای دھۆک گوتی: "ئەو کەسانەی کە پلازمای خوێنیان دەبەخشن دەبێت ١٤ رۆژ تێپەربووبێت لەسەر چاکبوونەوەیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەبێت جەستەی ئەو کەسە دژەتەنی دورست کردبێت و چەندین پشکنین بۆ خوێنەکەی دەکرێت لە بانکی خوێن و دوای ئەوەی کە ھەموو پشکنینەکانی تەواو دەردەچن، ئینجا دەتوانێت پلازمای خوێن ببەخشێت".

عادل عەبدولسەلام عوسمان گوتیشی: "داتایەکی دیاریکراو نییە کە چەند کەس پێویستی بە پلازمای خوێن ھەیە، بەڵام رۆژانە حاڵەتمان بۆ دێت کە پێویستییان بە پلازما ھەیە، بەڵام بەخشینی پلازما لەلایەن چاکبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاستی پێویستدا نییە و ئەمەیش بۆ چەند ھوکارێک دەگەرێتەوە".
بەڕێوەبەری بانکی خوێن لە پارێزگای دھۆک باسی لە ھۆکارەکانی کەمی بەخشینی پلازمای خوێن لە پارێزگای دھۆک کرد و گوتی: "چاکبووان ناتوانن دوای چاکبوونەوەیان یەکسەر پلازما ببەخشن، بەڵکو بە کەمی دەبێت بەخشینەکە دوای ١٤ رۆژ لەسەر چاکبوونەوەکەی بێت لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژمارەیەکی زۆر لە چاکبووان ھەن، بەڵام ھێشتا ئەو کاتەیان تێپەر نەکردووە، ھوکارێکی تریش ئەوەیە کە خەڵکانێک ھەن ترسیان لە لا دروست بووە کە ئەگەر پلازما ببەخشن کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستییان دروست دەبێت کە ئەمەیش ھیچ بنەمایەکی زانستی بۆ نییە، بە پێچەوانەوە بەخشینی پلازما کاریگەری ئەرینی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات، هەروەها خەڵکانێکیش ھەن دەڵین ئێمە ئێستا پلازما نابەخشین بۆ ئەوەی کاتێک کەسێکی نزیکمان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو پێی ببەخشین".
ناوبراو بانگەواز لە چاکبووانی کۆرۆنا دەکات و دەڵێت "بەخشینی پلازما جگە لەوەی کە کارێکی مروڤایەتییە لە رووی ئایینیشەوە چاکەیەکی ئێجگار مەزنە و لە رووی تەندروستیشەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر مرۆڤ دروست دەکات، بەتایبەتیش لە کاتێکی وەکو ئێستا کە بەداخەوە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە و زۆر تووشبوو ھەن کە چاوەڕوانی وەرگرتنی پلازما دەکەن و ئازار دەکێشن و چاکبووانی ڤایرۆسی کۆرۆناش لە ھەموو کەسێک زیاتر ھەست بەو ئازارە دەکەن، چونکە ئەوانیش بینیویانە".
تا ئێستا لە سنووری پارێزگای دھۆک پێنج هەزار و ٢٨٤ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون کە لەو ژمارەیە هەزار و ٩٤٦ چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و ٢٦٥ تووشبوو لەژێر چاودێری پزیشکی دان و٧٣ کەسیش بەھۆی ڤایرسەکە گیانیان لە دەستداوە.