İbrahim Khazen,Muhammed Semiz
02 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2023
ئیستانبوڵ - AA
وڵاتانی کەنداو داوایان لە هاووڵاتییانیان کرد گەشتەکانیان بۆ تانزانیا و گینێی ئیستوایی دوابخەن کە ڤایرۆسی ماربورگ تیایاندا بڵاوبووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "ئامۆژگاریی هاووڵاتییانی ئیمارات دەکەین کە گەشتەکانیان بۆ تانزانیا و گینێی ئیستوایی دوابخەن کە ڤایرۆسی ماربۆرگ تیایاندا بڵاوبووەتەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها داوا لەو هاووڵاتییانەی ئیمارات کراوە کە ئێستا لە تانزانیا و گینێی ئیستوایین وریا بن و پابەندی ئەو رێکارە خۆپارێزییانە بن کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پێیان دراوە.
هەروەها وەزارەتی تەندروستیی کوێت لە راگەیەندراوێکدا بانگەوازی ئەوەی لە هاووڵاتییانی کردووە کە خۆیان لە گەشتکردن بۆ تانزانیا و گینێی ئیستوایی بە دوور بگرن تا ئەو کاتەی ڤایرۆسی ماربورگ کۆنترۆڵ دەکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئامۆژگاریی هاووڵاتییانی کوێت لە وڵاتانی ئاماژەپێکراو و وڵاتانی دراوسێ کراوە، پابەندی ئەو رێکارانە بن کە لەلایەن لایەنە تەندروستییە ناوخۆییەکانیانەوە راگەیەندراوە.
هەروەها راگەیەندرا کە وەزارەتی تەندروستیی بەحرێن لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی ماربورگ دەکات و بەو پێیەی هیچ گەشتێکی راستەوخۆ بۆ تانزانیا و گینێی ئیستوایی نییە، مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ بەحرێن کەمە.
پێشتر سعوودیە و عومان-یش هۆشدارییان دابووە هاووڵاتییانیان کە گەشت بۆ ئەو دوو وڵاتە نەکەن کە ڤایرۆسەکەیان تێدا بڵاوبووەتەوە.
- ڤایرۆسی ماربورگ
ڤایرۆسی ماربورگ بۆ یەکەمجار لە تاقیگەی شاری ماربورگ ناوەڕاستی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٦٧ دۆزرایەوە.
ڤایرۆسی ماربورگ کە لە رێگەی شەمشەمەکوێرەی میوەوە دەگوازرێتەوە لە رێگەی بەرکەوتن بە کەسانی تووشبوو بڵاودەبێتەوە. نیشانەکانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جەستە و سەرئێشەی توند و بێهێزی و رشانەوە و زۆرێک لە نەخۆشەکان لە ماوەی حەوت رۆژدا دووچاری خوێنبەربوونی توند دەبن.
رێژەی مردن بە ڤایرۆسی ماربورگ کە ڤاکسین و چارەسەریی تایبەتی نییە، دەگاتە لەسەدا ٩٠.
لە ساڵی ٢٠٠٥ لە وڵاتی ئەنگۆلا، لەسەدا ٩٠ی ئەو ٢٥٢ کەسەی کە تووشی ڤایرۆسەکە هاتبوون، گیانیان لەدەست دا.