Heman Hussein Yaseen
27 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2020
هەولێر - AA
یەکێک لەو بازگانەی کە زۆرترین گەشتیار لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق پیایدا دێنە هەرێمی کوردستان، بازگەی شێراوەیە لە باشووری هەولێر کە پارێزگاکانی کەرکووک و هەولێر بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
کارمەندی بەڕیوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە بازگەی شێراوە باشووری هەولێر، بورهان ساڵح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دوێنێیەوە تیمەکانی فریاکەوتنی تەندروستی هەولێر لە بازگەکان پشکنین بۆ هاووڵاتییان دەکەین و تا ئێستا ئێمە هیچ حاڵەتێکمان دەست نیشان نەکردووە و لە کۆی هەموو ئەو هاووڵاتییانەی لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان، گومان لە رەوشی تەندروستی هەر یەکێکیان بکرێت ئەوا پشکنینی پێویستی بۆ دەکەین".
بورهان ساڵح لەبارەی ئەو رێکارانەی کە ئەوان ئەنجامی دەدەن لە خاڵەکانی پشکنین گوتی: "سەرەتا پلەی گەرمی لەشی گەشتیارەکە دەپێوین، ئەگەر کەسەکە پلەی گەرمی لەشی لەسەروو ٣٨ پلەوە بوو، ئەوا رێکار دەگرینەبەر و دەیگوازینەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت و لەوێ پشکنینی پێویستی بۆ دەکرێت، بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستا هیچی نەگەیشتووەتە ئەو پلەیە و هیچ حاڵەتێکی گوماناوی نەبووە".
کارمەندی بەڕیوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە بازگەی شێراوە باشووری هەولێر، بورهان ساڵح لەبارەی کاتی کارکردن و هەبوونی پێداویستی و کەلوپەلە پزیشکییەکانیش گوتی: "پێداویستییەکانمان تەواوە و کەموکوڕییمان نییە، تاوەکو بازگەکە دادەخرێت ئێمە لێرەین و بەئەرکی خۆمان هەڵدەستین، هەر کەسێک گومانی لێ بکرێت ئەو پشکنینی بۆ ئەنجام دەدەین، هاووڵاتییش هەیە بۆخۆی دێتەلامان و داوای پشکنین دەکات".
بورهان ساڵح ئاماژەی بەوەکرد کە تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ پشکنینیان بۆ ٣٠٠ هاووڵاتی لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە و خۆشبەختانە رەوشی هیچیان جێی گومان نەبوو.
ھەینی رابردوو وەزیری ناوخۆ لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد بڕیاری دا بە راگرتنی گەشتی ئاسمانی لەنێوان ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران تا ماوەیەکی نادیار.
دوێنیش، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا، بڕیار دا کە پێدانی ڤیزا و ھاتنە ژوورەوە بۆ ھەڵگرانی پاسپۆرتی وڵاتانی تایلاند، کۆریای باشوور، ژاپۆن، ئیتاڵیا و سینگاپور قەدەغە بکرێت، داوایشی لە ھاووڵاتییان کرد کە لە حاڵەتی زۆر پێویستدا نەبێت، سەردانی نەجەف و کەرکووک نەکەن.