Zana Natık Kerem
21 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگە، ریاز عەبدولئەمیر رایگەیاند کە چاوەڕوان دەکەن لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، ڤاکسینی دژەکۆرۆنا بگاتە عێراق و ئاماژە بەوەیش دەکات کە سەبارەت بە دابەشکردنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا پلانێکی گەورە پەیڕەو دەکەن.
ریاز عەبدولئەمیر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "سەبارەت بە دابەشکردنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا پلانێکی گەورە پەیڕەو دەکەین کە دواتر وردەکارەکییەکەی بۆ ھاووڵاتییان دەخەینەڕوو".
ریاز عەبدولئەمیر ئاماژەی بەوەیشدا کە ڤاکسینی ڤایزەر لە نەخۆشخانە گشتییەکانی بەغدا و پارێزگاکاندا ھەڵدەگیرێت، بەو پێیەی کە ڤاکسینەکە پێویستی بە پلەی گەرمای زۆر نزم ھەیە و ئاماژەی بەوەیشدا کە ھاووڵاتییان دەتوانن لە نەخۆشخانەکاندا، ڤاکسینی ڤایزەر وەربگرن.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگە باسی لەوەشکرد، ڤاکسینەکانی دیکەی دژبەکۆرۆنا کە پێویستیان بە پلەی گەرمای زۆر نزم نییە، ئەوا بەپێی ژمارەی دانیشتوان بەسەر ناوەندەکانی تەندروستیی لە پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن.
ریاز عەبدولئەمیر راشیگەیاند کە کارمەندانی تەندروستیی لەسەر چۆنیەتی بەکارھێنانی ڤاکسینەکانی دژەکۆرۆنا، راھێنانیان پێکراوە و گوتی:
"چاوەڕوان دەکەین لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، ڤاکسینی دژەکۆرۆنا بگاتە عێراق".
بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا، ٦٦٤ ھەزار و ٧٥٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و لەو ژمارەیەش ١٣ ھەزار و ٢٤٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦١٦ ھەزار و ٥٠٧ کەسیش چاکبوونەتەوە.