Heman Hussein Yaseen
15 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2021
ههولێر - AA
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرنجی رایگەیاند کە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەراورد بە چەند ھەفتەی رابردوو، دوو بەرامبەر زیادبووە و ئاشکرایشی کرد کە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا لە ھەرێمی کوردستان دەست نیشان کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجوومەنی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی راوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتیی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپارێزیی تەندروستیی پارێزگاکان لەبارەی دۆخی کۆرۆنا کۆبووەوە.
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا لە ھەرێمی کوردستان دەست نیشان کراوە، ماوەیەکی زۆرە بەدواداچوون دەکەین و پشتڕاستبووەوە کە ئەم جۆرە لە ھەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە".
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە ھۆشیاری تەندروستی لە ھەموو شتێک گرنگترە و داوای لە ھاووڵاتییان کرد خۆیان بپارێزن.