Zana Natık Kerem
22 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2017
سەنعا – AA
رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند كە ژمارەی ئەو كەسانەی لە یەمەن بە هۆی پەتای كۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە، هەزار و ٢٠٥ كەس.
لە راپۆرتێكدا، كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی بڵاوی كردووەتەوە ئاماژە بەوە دراوە کە لەو كاتەی لە ٢٧ی مانگی نیسانی رابردوودا، پەتای كۆلێرا لە شارەكانی یەمەن بڵاوبووەتەوە تاوەكو ئێستا ١٧٩ هەزار و ٥٤٨ حاڵەتی تووشبوون بەو پەتایە تۆمار كراوە و لەو ژمارەیەش، هەزار و ٢٠٥یان گیانیان لەدەست داوە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەشی خستووەتە روو كە لە كۆی ٢٢ پارێزگای یەمەن لە ٢٠ پارێزگا ئەو حاڵەتانە تۆمار كراون.
لە ٢٠ی ئەم مانگەدا، رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندبوو كە تاوەكو ئێستا، هەزار و ١٤٦ كەس بە پەتای كۆلێرا لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە.
پێشتر رێكخراوی پزیشكانی بێ سنوور رایگەیاندبوو كە خراپی دۆخی ژینگە، نەبوونی ئاوی خاوێن و كەموكوڕیی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوازری تەندروستی ھۆكاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆلێرایە لە یەمەن.