Dlshad Saifaalddin Ahmed
08 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2019
ئەنقەرە ـ AA
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لیبیا، غەسان سەلامە رایگەیاند، ئەو پلانەی كە بەم دواییانە رایگەیاندووە بۆ چارەسەری كێشەكانی لیبیا بە سێ قۆناغدا دەڕوات لە هەنگاوی یەكەمدا خۆی لە راگرتنی جەنگ و راگەیاندنی ئاگربەست لە جەژنی قورباندا دەبینێتەوە، بە دوایدا كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتی بە بەشداری وڵاتانی پەیوەندیدار، پاشان كۆبوونەوەیەك بۆ لایەنە لیبییەكان دێت.
غەسان سەلامە لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی 11هەمینی باڵیۆزەكان لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەكی سیاسی بۆ دۆخی لیبیا كرد.
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی تا ئێستا هیچ لێكۆڵینەوەیەكیان لەو هێرشە ئاسمانییەی هێزەكانی خەلیفە حەفتەر بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی لە گەڕەكێكی شاری مورزوق لە باشووری وڵاتەكە نەكردووە كە ئێوارەی رۆژی یەكشەممەی رابردوو ئەنجامدرا و دەیان قوربانی لێكەوتەوە و جەختیشیكردەوە لەوەی هەڵوێستیان نەگۆڕە لەوەی ئەگەر سەلمێنرا هاووڵاتییانی مەدەنی بكرێنە ئامانج، لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە هێرشانە بەتوندی لەگەڵ مافە بنەڕەتییە نێودەوڵەتییەكانی مرۆڤدا ناكۆكە.
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لیبیا گوتی: "قۆناغی یەكەمی پلانەكە ئەوەیە ئاگربەستێكی مرۆیی لە رۆژانی جەژنی قورباندا بێتەدی و لایەنەكان پابەندبن پێیەوە، ئەو ئاگربەستەش ئەوە دەردەخات كە لیبییەكان بیر لە رێگاچارەیەكی تر دەكەنەوە جگە لە رێگاچارەی جەنگ كە ماوەی چوار مانگە بەردەوامە".
ئەو هەروەها گوتی: "دوای ئەوە راستەوخۆ داوای بەستنی كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی بە بەشداری وڵاتانی پەیوەندیدار دەكەین، ئەوەش پێش كۆبوونەوەی لایەنە لیبییەكان دەبێت، دەمانەوێت پێش كۆبوونەوەی ناوخۆی لیبیا دڵنیا ببنەوە لە پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێیان".
ئاماژەی بەوەش كرد، وەڵامدانەوەی بەشێك لە لایەنەكان بۆ پلانەكە جێگەی دڵخۆشییە و بەشێكی تری لایەنەكانیش تا ئێستا رەزامەندییان نیشان نەداوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ رازیكردنی ئەو وڵاتانەش كە پشتیوانی حەفتەر دەكەن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و پشتیوانی پلانەكە.
لە لای خۆیەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رۆژی دووشەممە پشتیوانی تەواوی خۆی نیشاندا بۆ داوای ئاشتی لە پێناو گەیشتن بە ئاگربەست لە لیبیا بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە.
لە ساڵی 2011 ەوە لیبیای دەوڵەمەند بە نەوت رووبەڕووی ململانێیەكی ناوخۆیی سەخت لەسەر شەرعییەت و دەسەڵات بووەتەوە ، لەئێستاشدا ئەو ململانێیە لە نێوان حكوومەتی تەبایی نیشتمانی كە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدانراوە و لیوای خانەنشین و سەركردەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی لیبیا، خەلیفە حەفتەردایە.
لە رۆژی چواری نیسانی رابردووەوە هێزەكانی حەفتەر دەستیان بە هێرشێكی بەرفراوان كردووە بۆ دەستگرتن بەسەر شاری تەرابلوسی پایتەختدا كە بنكەی سەرەكی حكوومەتی ویفاقە.