Ekip
02 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2023
کیێڤ - AA
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا رایگەیاند، سوپای رووسیا بەردەوامە لە هێرش و پێشڕەویکردن بە ئاراستەی شاری باخموت.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە رووسیا بە ئاراستەی شارەکانی کوپیانسک، لیمان، باخموت، ئاڤدییڤکا و شاختەرسک بەردەوام بووە لە هێرشەکانی.
باسی لەوەش کردووە کە سەربازانی رووسیا سێ هێرشی مووشەکییان لە ناوچەی خارکێڤ ئەنجامداوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی برینداربوون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە سوپای رووسیا ١٦ هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە کە دوو لەو هێرشانە لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیی Şahed-136 ەوە بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا بە سەرنج خستنەسەر ئەوەی کە هەڕەشەی هێرشی مووشەکیی لە سەرانسەری ئۆکراینا بەردەوامە، ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان لە ناوچەکانی چیرنیهیڤ، سومی و خارکێڤ کردووەتە ئامانج.
لە راگەیەندراوەکەدا، بانگەشەی ئەوە کراوە کە رووسەکان ئۆپەراسیۆنی هێرشکردنیان بە ئاراستەی کوپیانسک و لیمان ئەنجامداوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و راگەیەندرا: "سوپای رووسیا بەردەوامە لە هێرش و پێشڕەویکردن بە ئاراستەی شاری باخموت".
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها بانگەشەی ئەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا لە شوێنە جیاوازەکانی ناوچەی دۆنێتسک لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا سەرکەوتوو نەبوون و ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا لە شارەکانی زاپۆریژییا و خێرسۆن بەردەوامن لە بەرگریکردن لە خۆیان.