Muhammed Semiz
19 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2021
قودس - AA
پۆلیسی ئیسرائیل دەستگیرکردنەوەی تەواوی ئەو شەش هاووڵاتییە فەڵەستینییەی راگەیاند کە رۆژی شەشی ئەە مانگە لە گرتووخانەی جەلبوع هەڵاتبوون.
لەو بارەیەوە پۆلیسی ئیسرائیل راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتە روو کە کۆتا دوو هەڵاتوویان لە شاری جەنین باکووری کەناری رۆژئاوا دەستگیرکردووەتەوە و بەم شێوەیەش تەواوی ئەو شەش فەڵەستینییەی کە لە زیندان هەڵاتبوون، دەستگیر کراونەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە وەزارەتی ناوخۆی ئیسرائیل لەڕێی دەزگای هەواڵگرییەوە شوێنی مانەوەی ئەو دوو هاووڵاتییە فەڵەستینییەی ئاشکرا کردووە و دواتر بەئاسانی دەستگیری کردوون.
رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت-ی ئیسرائیلی لە هەواڵێکدا ئەوەی بڵاوکردووەتەوە کە ئەو دوو کەسە هەریەکە لە یەعقوب ئینفێعات و ئەیهەم فوئاد کەمەمجی ئەندامی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بوون.
رۆژی شەشی ئەم مانگە، شەش زیندانی فەڵەستینی توانیان لەڕێی بەکارهێنانی کەوچکەوە تونێلێک لێبدەن و لە زیندانی جەلبوع کە یەکێک لە قایمترین زیندانییەکانی ئیسرائیل-ە هەڵبێن.