Mustafa Deveci
01 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2020
قودس - AA
پەرلەمانی ئیسرائیل ئەو پرۆژە یاسایەی پەسەند کرد کە ئامادەکراوە بۆ سنووردارکردنی خۆپیشاندانەکان بە درێژایی ماوەی کەرەنتینە کە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گیراوەتەبەر.
بەو پرۆژە یاسایە کە کاتەکانی بەیانی پەسەند کرا، بە درێژایی ماوەی کەرەنتینە خەڵک دەتوانن زۆرترین تا یەک کیلۆمەتر لە دووری ماڵەکانیانەوە بەشداری لە خۆپیشانداندا بکەن.
بەو بڕیارە رێگە لە بەشداری ئەو کەسانە دەگیرێت کە لە دەرەوەی شارن یان لە ناوچە دوورەکانی شارەکەن لەو خۆپیشاندانانەی زیاتر لە چوار مانگە لەبەردەم بینای سەرۆکایەتی وەزیران لە قودسی خۆرئاوا هەفتانە دژبە ناتانیاهو سازدەکرێن.
لای خۆیەوە ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل کاردانەوەی بەرامبەر بڕیارەکە نیشان دا و باسی لەوە کرد کە سنووردارکردنی خۆپیشاندانەکان زیانی بە دیموکراسیی وڵات داوە و بە بیانووی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ خزمەت بە بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ناتانیاهو دەکات.
حکوومەتەکەی ناتانیاهو، هەفتەی رابردوو بڕیاری سنووردارکردنی خۆپیشاندانەکانی دەرکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەرلەمان پەسەندی نەکردبوو ئەو هەوڵە بێ هودە بوو.
بەهۆی بوونی دۆسیەی گەندەڵی لەسەری ماوەی زیاتر لە چوار مانگە لە ئیسرائیل خۆپیشاندان دژبە ناتانیاهو سازدەکرێت و داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکرێت.