Zana Natık Kerem
27 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2022
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٢، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی بەسەردانێک گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق.
میدیا عێراقییەکان لە ژمارەیەک سەرچاوەوە بڵاویان کردووەتەوە کە ئەمڕۆ ئیسماعیل قائانی بەسەردانێک گەیشتووەتە بەغدا.
راشیانگەیاندووە کە ئێوارەی ئەمڕۆ، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی لە بەغدا لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، هەروەها ژمارەیەک لایەنی سیاسیی دیکە لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق کۆدەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٢، چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاندبوو کە محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کاندیدکردووە.
لەگەڵ ئەوەی نۆ مانگ بەسەر ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕبووە، بەڵام بەھۆی بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، تا ئێستا نەتوانراوە سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت و حکوومەتی نوێیش پێکبھێندرێت.