Şenhan Bolelli
20 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2021
مەدرید- AA
بەلەمێکی کۆچبەران کە لە باکووری ئەفریقا-وە بەرە ئیسپانیا بەڕێکەوتبوو لە نزیک دورگەکانی کەناری لە باشووری رۆژئاوای ئیسپانیا نقومبوو، و لە ئەنجامدا ٣٩ کۆچبەری نایاسایی خنکان.
ئاژانسی "EFE"ی ئیسپانی هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە لە دووری ٢٥٠ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی دورگەکانی کەناری بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی وەرگەڕاوە.
لە ناو بەلەمەکەدا تەنها ئافرەتێکی تەمەن ٣٠ ساڵ بەزیندوویی ماوەتەوە و لە کۆی ٤٠ سەرنشینی بەلەمەکە تەنها سەرنشین بووە کە بە شێوەیەکی زۆر تراجیدی لە مەرگ رزگاری بووە.
دواتر ئافرەتەکە کە لە بارودۆخێکی تەندروستیی و دەروونی خراپدا بووە بە کۆپتەر براوەتە نەخۆشخانە.
لە ماوەی رابردوودا لێشاوی کۆچ لە باکووری ئەفریقا-وە بۆ دوورگەکانی کەناری زۆر زیادی کردووە، بەرپرسانی ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە ئەمساڵ هەتا ١٥ی ئاب، هەشت هەزار و ٢٢٢ کۆچبەری نایاسایی لەڕێی ٢١٨ یەخت و بەلەمەوە هاتونەتە دورگەکانی کەناری و رێژەی هاتنی کۆچبەران بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا سەدا ١٤٤ زیادی کردووە.
بەگوێرەی ئامارە فەڕمییەکانیش لەمساڵدا زیاتر لە ٢٣٠ کۆچبەری نایاسایی بەهۆی خنکان و تێکچوونی باری تەندروستییان لە دەریادا گیانیان لەدەستداوە.
رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ژمارەی کۆچبەرە نایاساییەکان و ئەو کەسانەی لە رێگای کۆچدا گیانیان لەدەستداوە زۆر لەو ژمارانە زیاترن کە تۆمار کراون.