Mustafa Melih Ahıshalı
31 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2022
ئیستانبوڵ - AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدولئیلاهیان ئەوەی ئاشکرا کرد کە وڵاتەکەی دژی جێگیرکردنی هێزی بیانییە لە ناوچەکەدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە لە ماڵپەڕی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوکراوەتەوە، حوسێن ئەمیر عەبدولئیلاهیان دوێنێ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیهون بایرامۆڤ ئەنجامداوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدولئیلاهیان باسی لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کردووە و رایگەیاندووە: "ئێمە هەمیشە پێمانوایە کە بوونی هێزە بیانییەکان لە ناوچەکەدا، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات".
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە حکوومەتی وڵاتەکەی "کۆبوونەوەکانی ٣+٣ و میکانیزمەکانی ناوچەکە" بە چارەسەری راستەقینەی ناکۆکییەکانی ناوچەی قەفقاس دەزانێت و بەردەوامیش دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.
حوسێن ئەمیر عەبدولئیلاهیان گوتوشییەتی: "ئێمە وای دەبینین کە ئاسایشی ناوچەکە پەیوەستە بەیەکەوە، هەربۆیە ئاسایشی کۆماری ئازەربایجان بە ئاسایشی ناوچەکە و ئێران، دەزانین. هەمیشەش ئەوەمان دووپات کردووەتەوە کە دژی نیشتەجێکردنی هێزی بیانیین لە ناوچەکەدا و ئەم کارە دژبە ئاشتی، هەماهەنگی و سەقامگیری ناوچەکە دەبینین".
لە بەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان باسی لە هەوڵەکانی ئێران بۆ هێنانەکایەی ئاشتی لە ناوچەکە کرد و ئاماژەی بەوەشدا کە کۆبوونەوەکانی ٣+٣ سوودی بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە هەبووە.
جێی ئاماژەیە حکوومەتی تاران، ناوبەناو نیگەرانی خۆی لە نیشتەجێکردنی هێزە بیانییەکان لە ناوچەکەدا دەخاتەڕوو.
- کۆبوونەوەکانی ٣+٣
کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان و گرووپی مینسک سەربە دەزگای هەماهەنگی و ئاسایشی ئەورووپا، نەیانتوانی چارەسەرێک بۆ کێشەی باشووری قەفقاس بدۆزنەوە، دەستکرا بە گەڕان بەدوای چارەسەرێکی هەرێمییدا. سەرکەوتنی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، نیکۆل پاشینیان لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیدا وێڕای شکستی ئەرمینیا لە جەنگی قەرەباغ، بووە هۆی هاتنە کایەی کۆبوونەوەکانی ٣+٣ کە پێشتر لەلایەن تورکیاوە بۆ هێنانەکایەی ئاشتی لە ناوچەکەدا پێشنیاز کرابوو، ئەم کۆبوونەوەیەش لەنێوان سێ وڵاتی ئازەربایجان، ئەرمینیا و جۆرجیا لەگەڵ سێ وڵاتی دراوسێی ئەو وڵاتانە کە بریتین لە رووسیا، تورکیا و ئێران دەستی پێ کرد.
یەکەم کۆبوونەوەی ٣+٣ لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بەڕێوەچوو، بەڵام جۆرجیا بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکرد.