Dildar Baykan Atalay
10 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2022
واشنتۆن-AA
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا و سپەیسئێکس، ئێڵن مەسک کە لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبردنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رێککەوتووە بۆ کڕینی پلاتفۆرمەکە، ئاشکرایکرد ئەو قەدەغەیەی تویتەر ھەڵدەگرێت کە خراوەتە سەر سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ.
ئێڵن مەسک لە میانی گوتارێکدا کە لە چوارچێوەی چالاکی ئۆنڵاینی "Future of the Car (ئایندەی ئۆتۆمبیل)" کە لە لایەن رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزەوە رێکخرابوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
مەسک سەبارەت بە قەدەغەی تویتەر لەسەر دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند: "ئەمە لەڕووی ئەخلاقییەوە بڕیارێکی خراپ و گێلانە بوو. یاساغکردنی دۆناڵد ترەمپ درووست نەبوو، ئەمە ھەڵە بوو".
ھەروەھا جەختی لەوەکردەوە کە دوای کڕینی تویتەر ئەو قەدەغەیە لەسەر ترەمپ ھەڵدەگرێت.
- ترەمپ رایگەیاندبوو کە ناگەڕێتەوە تویتەر
لەدوای رووداوەکانی ھەڵکوتانە سەر کۆنگرێس لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا، ھەژمارەکانی ترەمپ لە تویتەر و فەیسبوک بە تۆمەتی ئەوەی "ھانی ھەڵکوتانەسەر کۆنگرێسی داوە" بە تەواوەتی داخرابوون، و بڕیارەکە بە بانگەشەی ئەوەی کە رێگریی لە ئازادی رادەربڕین کردووە، ببووە ھۆکاری مشتومڕی زۆر.
دەستەی بەڕێوەبردنی تویتەر پێشنیازی ئێڵن مەسکی بۆ کڕینی پلاتفۆرمەکە بە بڕی ٤٤ ملیار دۆلار، پەسەند کردبوو.
ترەمپ فرۆشتنی تویتەری بە مەسک بە کارێکی ئەرێنی ناوبردبوو، بەڵام رایگەیاندبوو کە ناگەڕێتەوە تویتەر و لەجیاتی ئەوەش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس "Truth"، کە ھی خۆیەتی لەکارەکانی بەردەوام دەبێت.