Kaan Bozdoğan
10 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2023
نیودەلھی ــ AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی لە پەراوێزی لووتکەی سەرکردەکانی G20دا کە لە نیودەلھی پایتەختی ھیندستان بەڕێوەدەچێت کۆبوونەوە.
عەبدولەفەتاح سیسی وەک میوانی تایبەت لە لووتکەی سەرکردەکانی G20دا، بەشدارە.
کۆبوونەوەکەی سەرکۆماری تورکیا و سەرکۆماری میسر لە سەنتەری پێشانگا و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان (بەھارات مانداپام) کە میوانداریی لووتکەکە دەکات، ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و عەبدولفەتاح سیسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، زیادکردنی قەبارەی بازرگانی، ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان تورکیا و میسر لە بواری وزەدا تاوتوێ کراوە، ھەروەھا گفتوگۆ لەبارەی پرسە ھەرێمیی و نێودەوڵەتییەکاندا کراوە.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوەداوە کە بە دەستنیشانکردنی باڵیۆزانی ھەردوو وڵات، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و میسر چووەتە قۆناغێکی نوێیەوە و ڕاشیگەیاندووە کە باوەڕی بەوە ھەیە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بە زووترین کات دەگەنە ئەو ئاستەی کە ئەوان دەیانەوێت.
ھەروەھا سەرکۆماری تورکیا ستایشی ئەو پشتیوانییەی کردووە کە حکوومەتی میسر پێشکەشی وەبەرھێنەران و کۆمپانیا تورکییەکانی دەکات و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان گرنگی بە بووژاندنەوەی ھاوکارییەکانی نێوان ئەنقەرە و قاھیرە دەدەن لە بوارەکانی غازی سروشتی، وزەی ئەتۆمی، ڕۆشنبیری و پەروەردە دا.
ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی تورکیا ھاکان فیدان، سەرۆکی میت ئیبراھیم کاڵن، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار فەخرەددین ئاڵتون و گەورە ڕاوێژکاری سەرکۆمار بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە و ئەمنی ئاکیف چاغتای کڵچ و ڕاوێژکاری سەرکۆمار، سەفەر توران ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.